میشێل ڤیێڤیۆركا: هەرێمی كوردستان سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەكانی كەشوهەوای داڕشتووە
K24 – هەولێر:
سەرۆكی فەخری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسهر عێراق، گوتی: هەرێمی كوردستان توانیویەتی رووبەڕووی كێشەكانی پەیوەست بە كەشوهەوا بێتەوە و پێویستە كوردستان خۆی بۆ داهاتوو ئامادە بكات. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، گۆڕانی كەشوهەوا كێشەی هەموو جیهانە.
میشێل ڤیێڤیۆركا، سەرۆكی فەخریی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسهر عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: گۆڕانی كەشوهەوا كێشەیەكی سیاسییە و كێشەی هەموو جیهانە، هەروەها گۆڕانەكانی كەشوهەوا توندوتیژیی و ئاڵۆزییان لێ دەكەوێتەوە.
سەرۆكی فەخریی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسهر عێراق، ئاماژەی بەوە دا، یەكێك لە هۆكانی دروستبوونی داعش لە سووریا گۆڕانەکانی كەشوهەوا بوون، لەبارەی عێراقیش دەڵێت: عێراق كێشەی سەرچاوەكانی ئاوی هەیە و لە داهاتوودا دۆخی زۆر خراپ دەبێت.
ناوبراو لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە رووىەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، گوتی: هەرێمی كوردستان توانیویەتی رووبەڕووی كێشەكانی پەیوەست بە كەشوهەوا بێتەوە و توانیویەتی سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای دابڕێژێت، لە هەرێمەکە بەنداو زۆر دروست کراوە، هەر ئەوانەش هۆکارن بۆ ئەوەی بڵێن هەرێمەکە هەموو رێکارێکی گرتووەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا.
باسی لەوەشکرد، لەوانەیە لەداهاتوو ئاو لە نەوت زۆر بەنرختر بێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ داهاتوو ئامادە بکات، هەروەها گۆڕانكارییەكان لە دەرەوە سەرچاوە دەگرن و كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا گوندنشینان ناچار دەكات بچنە شارەكان و چوونی ئەو هەموو خەڵكەش بۆ شارەکان كێشەی لێدەكەوێتەوە.
میشێل ڤیێڤیۆركا، لەبارەی هۆشیاریی نەوەی داهاتوو لەسەر پاراستنی ژینگە، دەڵێت: پەروەردەی نەوەی داهاتوو لەسەر گرنگی پاراستنی ژینگە زۆر گرنگە، هەروەها پێویستە منداڵەكانمان لەبارەی مەترسییەكانی گۆرانی كەشوهەوا ئاگادار بكەینەوە و، هەبوونی تاکێکی بەرپرس و هۆشیار هاوكار دەبێت لە كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ژینگە.
میشێل ڤیێڤیۆركا باسی لە هەرێمی کوردستان کرد و هەرێمەکەی بە سەرنجڕاکێش وەسف کرد، هاوکات گوتی: هەرێمی کوردستان جیاوازە و باوەڕی تەواوی هەیە کە نابێت هەموو شت و چارەیەک لە وڵاتانی دەرەوە بێت، هەروەها كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووە لەسەر ئاستی ناوچەكە.
گوتیشی: "لە هەرێمی کودرستان توانیم هەندێک ناوچە ببینم، بەڕاستی خواست و سیاسەتێکی گونجاو هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، ئەو هەستەم نییە بڵێم کێشەیەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، بەڕاستی خواستێکی سیاسی زۆر باش هەیە لەسەر ئاستی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا".