هاکان فیدان: دەمانەوێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا ڕووبەڕووی پەکەکە ببینەوە
K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە و پەکەکە رێگرە لە گەشەسەندنی ئەو وڵاتە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بە سەردانەکەیان بۆ بەغدا و هەولێر دا و رایگەیاند، عێراق بۆ ئەوان گرنگە و دەیانەوێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا رووبەڕووی پەکەکە ببنەوە.
فیدان، دەڵێت: دۆخی ناسەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندیی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووە بۆیە بەردەوامییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داوە. جەختیشی لەوەکردەوە. پەکەکە لە تورکیا تەنانەت یەک سانتیمەتریش زەویی کۆنترۆڵ نەکردووە لە کاتێکدا لە عێراق و سووریا چەندین ناوچەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، ئەستەمە بتوانرێت کێشەکانی وزە و ئاو و ژێرخان لە وڵاتێکدا چارەسەر بکرێت کە پڕ بووە لە گرووپی چەکدار، ئەوەشی گوت: "پەکەکە رێگری لە گەشەسەندنی عێراق دەکات".
هاکان فیدان سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، تورکیا وڵاتێکی گەورەیە، لە 20 ساڵی رابردوو توانیویەتی کێشەی ژێرخان چارەسەر بکات، بە عێراقمان گوت پێویستە سوود لەوە وەربگرن، پێویستە لەمە بەدواوە خوێن و فرمێسک و شەڕ بوەستێت، بۆ ئەوەش پێویستمان بە پڕۆژە و پلانە.