ئەمڕۆ 10 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی "هەژماری من" مووچەکەیان وەردەگرن
ئەمڕۆ 10 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەی مانگی چواریان وەردەگرن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی تیمی پرۆژەی "هەژماری من" ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-05-2024، مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی 10 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، بە شێوازی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە دەدرێت.
ئێستا 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مووچەی ئەو 10 هەزار مووچەخۆرە لەنێوان کاتژمێر 02:00 بۆ 03:00 دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لە ڕێگەی کورتە نامەیەکەوە "SMS" ئاگادار دەکرێنەوە کە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ATM بکەن و مووچەکەیان ڕابکێشن.
بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی "هەژماری من"، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆری دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پرۆژەکەدا کردووە؛ لەو ژمارەیە 200 هەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.
ناردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە
دابەشکردنی مووچەکە لە کاتێکدایە؛ وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و دوێنێ چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسانی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
دوێنێ چوارشەممە، 15-05-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی بڵاوکردەوە کە مووچەکەیان لەلایەن بەغداوە نێردراوە، بەڵام خشتەکە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی تێدا نەبوو، چونکە تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە مووچەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانە نەکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ناردنی مووچەی مانگی چواری وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ کێشەیەکی نییە، ئەوەی هەیە پەیوەندیی بە پرۆسەی وردبینییەوە هەیە و، چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی وردبینی، مووچەی هێزە ئەمنییەکان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.