شارەزایەکی سیاسیی: لە بەغدا دیاردەی کوشتنی هاووڵاتیی بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بووە
شارەزایەکی بواری سیاسیی و ئەمنی لە بەغدا ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە نییە کە ئەو چەکەی بەدەستی خەڵکییەوە هەیە قەدەغەی بکات، هەر بۆیە دیاردەی کوشتنی هاووڵاتیی بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئایاری 2024، سەرمەند بەیاتی، شارەزا بواری سیاسیی و ئەمنی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێژەی کوشتن لە عێڕاق چەند خاڵێک لە خۆدەگرێت، کە لەچەند چاوپێکەوتنێکیشدا باسم کردووە، بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە نییە کە ئەو چەکەی بەدەستی خەڵکی عێراقەوە هەیە قەدەغەی بکات.
ئەو شارەزایە دەڵێت: "چەند گروپێکی نەناسراو هەیە لە عێراق، بەگشتی دەیڵێم ئەو چەکانە بەدەستی هاووڵاتییانی عێراقییەوە کاتێک کە تاوانێکی کوشتن ئەنجام دەدات، پێویستی بە ئامرازێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو تاوانە ئەنجام بدات. هەر بۆیە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئافرەتێک لە گەڕەکی یەرمووک لە بەغدا کوژرا، ئەو گەرەکە، گەرەکێکی قەرەباڵەغیشە، ماتۆڕسوارێک زۆر بە ئاسانی توانی ئەو ئافرەتە بکوژێت".
سەرمەند بەیاتی گوتیشی: "دەتوانم بڵێم هۆکاری هەموو ئەو کوشتنانە هەمووی چەکی بێ مۆڵەتە لە ناوخەڵکیدا، هۆکارێکی دیکە ئەو ماتۆڕسکیلە بێسەروبەرانەن کە هەیە لەناو سەنتەری بەغدا، هەروەها هیچ ڕێگرییەکی یاسایش نییە، ئەو کەسانەی کە تاوانێکی لەو جۆرە دەکەن بەبێ سزا بەسیان تێدەپەڕێت و سزا نادرێن".
ڕاشیگەیاند، "ئێستە لە بەغدا دیاردەی کوشتنی هاووڵاتیی بەشێوەیەکی بەرچاو و زۆر بووە، هەروەها کامێرای چاودێری لەناو بەغدا بەشێوەیەکی گشتی کەمە و نییە، ئەو تاوانەی لە گەڕەکی یەرمووک ئەنجامدرا کامێرای چاودێری لێ نەبووە، پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە ڕێکاری تایبەتی بگیرێتەبەر".