زێدا محەممەد: لە پلانماندایە بۆ ساڵانی داهاتوو داتای جووتیاران بکەین بە دیجیتاڵی

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە پلانماندایە بۆ ساڵانی داهاتوو داتای جووتیاران بکەین بە دیجیتاڵی، بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاریی لە بەرهەمی ناوخۆ بکەین.
د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، باشترین شت بۆ ئەوەی لە کەرتی کشتوکاڵ پێشبکەوین، بەدیجیتاڵکردنی داتاکانی جووتیاران و بابەتە کشتوکاڵییەکانە.
زێدا محەممەد گوتیشی: لە پلانماندایە بۆ ساڵانی داهاتوو داتای جووتیاران بکەین بە دیجیتاڵی، بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاریی لە بەرهەمی ناوخۆ بکەین، ئاماژەی بەوەشدا، بە پێی یاسای ژمارەی 4ـی ساڵی 2008، کە یاسای پەرەپێدان و بەرووبومی کشتوکاڵییە، هەروەها یاسایەکی نوێمان هەیە یاسای 2ـی ساڵی 2021ـی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، بە کشتوکاڵی و پیشەسازییەوە، باشترین شت بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ئەوەیە داتای بازرگانان و جووتیاران بکەین بە دیجیتاڵی.
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: جیاوازیی ئەو کابینەیە ئەوە بووە، کە بەجیددی و بە کرداری بایەخی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، کە ئێستا ئەنجامەکەی دیارە و لە داهاتووشدا دەیبینین، کە بەرهەمی ناوخۆمان لە زۆر بواردا زیاد بووە، هەروەها لەگەڵ ڕێژەی زیادبوونی بەرهەم، بیر لە کۆگاکردن و پیشەسازیکردن و بە بازاڕکردنی ئەو بەرهەمانە کراوە، ئەوەش جێگای دڵخۆشییە و یارمەتیدەریشە تاوەکو جووتیاران بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.
جەختیشی کردەوە، بە پێی یاسای ژمارەی 4ـی ساڵی 2008، هەروەها بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئێمە ڕۆژمێری کشتوکاڵیمان هەیە، ئەوەش ساڵانە بەگوێرەی کەشوهەوا و ڕێژەی باران بارین، دەکرێت نوێ بکرێتەوە، چونکە هەر بەرهەمێک وەرزی پێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەیە، جا هەرکاتێک بەرهەمەکە پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە، ئەوکات قەدەغە ڕادەگەیێنین، ئەگەر پێداویستی ناوخۆشی پڕ نەکردەوە ناچارین ڕێگە بە بەرهەمی دەرەوە بدەین کە بێتە ژوورەوە.