بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەشتی نەینەوا نیگەران دەکات

بەرهەمی ئەمساڵی دانەوێڵەی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێگەیشتووە، بەڵام ئەمساڵیش جووتیارانی کورد لە دەشتی نەینەوا بێ کێشە و گرفت نین و جارێکی دیکە بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی بارزگانی عێراق تووشی نیگەرانی دەبنەوە.

لە سنووری شارۆچکەکانی شێخان و ئەلقوش لە دەشتی نەینەوا بەرهەمی گەنمی هەزاران دۆنم زەوی هاتووەتەبەر و سەرە وەختی دروێنەکردنیشی نزیک بووەتەوە، بەڵام ئەوەی جوتیارانی نیگەران کردووە بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراقە کە جووتیارانی ئەو ناوچانە ناتوانن لە سایلۆی شێخان دانەوێڵەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵکو بە ناچاری دەبێت ڕێگەیەکی دوور و کرێیەکی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ببەنە سایلۆی مووسڵ.

جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەمساڵ بە زۆری باران و بڕشتی بەروبوومەکانیان دڵخۆشن و ڕەخنە لە بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەگرن، جووتیارێک بە ناوی خەلەف خۆرزی بۆ کوردستان24 گوتی "ئەم ناوچەی ئێمە لە زۆربەی ناوچەکانی دیکە بۆ  کشتوکاڵ باشترە، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ هاوکاریی و پشتیوانییەکی جوتیاران ناکات و ناچارین بەرهەمەکانمان بە نیوە نرخ بفرۆشینەوە، هەربۆیە بەشێک لە هاووڵاتییان ناچاربوون بەرگەی زیان یان ڕەنجی بە باچوو نەگرن و دەستبەرداری جووتیاری بن، چونکە هەموو ئەو شتانەی بۆ کشتوکاڵ و جووتیاران گرنگە، گران کراون، بۆیە داواکارین لە هەردوو حکوومەت هاوکاریی جوتیاران بکەن".

جووتیارێکی دیکە بە ناوی کرتان عیدۆ بۆ کوردستان24 گوتی "سوپاس بۆ خوا دەغڵ و دانەوێڵە زۆر بە باشی وەبەرهاتووە، بەڵام بەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی داویەتی و بەهۆی کرێی گواستنەوە بە نیوە نرخ دەبێت ڕادەستی بکەین، ئەوە سایلۆی شێخان لە پاڵ خۆمانە کەچی بە ناچاری دەبێت بیبەینە سایلۆی مووسڵ ڕادەستی بکەین".

بڕيارەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵخۆشییەکەی جوتیارانی دەشتەکانی شێخان و ئەلقوشی بۆ بێ هیوایی گۆڕیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سایلۆی شێخان هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو پرۆسەکە دەست پێ بکات.

لە بارەی ئامادەکارییەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، خالید بیبۆ، بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان بۆ کوردستان24 گوتی "ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی باریوە، بەرهەمێکی باشی گەنم هاتووەتەبەر و بە دڵنیاییەوە بەرهەمی ئەمساڵ زۆر زیاتر و باشترە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام سایلۆی شێخان توانای سنووردارە لە عەمبارکردنی گەنم، بۆیە ناتوانین تەواوی بەرهەمی جوتیارانی سنووری هەرسێ شارۆچکەی ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان وەرگرین".

ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانەوە نەک هەر هیچ جووتیارێکی وشکەساڵی بە سەر زمانییەوە نەهاتووە، بەڵکو بڕشتی گەنم و جۆ لە سەرتاسەری دەشتی نەینەوا بە جۆرێکە و مەزندە دەکرێت بە تەنیا لە ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنم دروێنە بکرێت، بەڵام ئەو بڕەی بۆ سایلۆی شێخان دیاری کراوە تەنیا 107 هەزار تۆنە، ئەویش بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ئەو جوتیارانەیە کە دەکەونە سنووری ئیدارەی پارێزگای دهۆک کە بەردەڕەش، ئاکرێ و شێخان دەگرێتەوە، بەڵام جووتیارانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناچارن بەرهەمەکانیان بگوازنەوەی سایلۆی مووسڵ.

Fly Erbil Advertisment