ڕەوتی نیشتیمانی شیعە چەند ڕێنماییەکی بۆ نوێژی هەینی بە کۆمەڵ بڵاو کردەوە

ڕەوتی نیشتیمانی شیعەی سەر بە موقتەدا سەدر، دەربارەی نوێژی هەینی بە کۆمەڵ بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژی غەدیر، کە ئەمڕۆ لە بەغدا بەڕێوە دەچێت، چەند ڕێنماییەکی بڵاو کردەوە.
لە ڕێنماییەکانی ڕەوتی نیشتیمانی شیعەدا کە ئاڕاستەی هاووڵاتیانی کردووە و دەڵێت، لە کاتێکدا نوێژی بەکۆمەڵ لە سەرجەم پارێزگاکان ئەنجام دەدەین، داواتان لێدەکەین ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:-
1- هەڵکردنی ئاڵا لە ڕۆژی پیرۆزی غەدیر.
2- بەرماڵێک و توربەیەک و چەترێک لەگەڵ خۆت بهێنە ئەگەر دەتوانی.
3- ئامادە بوونی پێشوەختە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی
4-هاوکاری لەگەڵ لیجنەی ڕێکخستنەکان و هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی نوێژی هەینی.
5- ئامادەبوونی خێزانەکان بە ئافرەت و منداڵیشەوە ئەگەر بتوانرێت زۆر گرنگە، چونکە سەرکەوتنێکە بۆ ڕۆژی غەدیر و بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی موقتەدا سەدر، هەروەها شوێنی تایبەت بۆ ئافرەتان دیاری کراوە.
6- وەستانی ئۆتۆمبێل لە شوێنی دیاریکراو.
7- برایانی ڕاگەیاندنکار هاوکاری دەستەی ڕێکخەر بکەن و خۆیان لە قەرەباڵغی سەر سەکۆکە بەدوور بگرن.
8-تەنها لە شەقامی سەرەکی نوێژ بکەن کە بۆیان دیاری کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند هەفتەیە نوێنەرانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئەو پرسە مشتومڕاوییەی نێوان مەزهەبەکانیان لە عێراق وروژاندووە، کە دوایینیان داوایان لە دادگای لێکۆڵینەوە کردووە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکانی مێژووی ئیسلامی، هەروەها گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن لەسەر بنەمای "گێڕانەوە" کە تایبەتە بە یەک مەزهەبەوە.
نوێنەرانی سوننە و شیعە یەکتر تۆمەتباردەکەن بە ململانێ و ئاژاوەگێڕی مەزهەبی، ژمارەیەکیشیان پەنایان بۆ دەسەڵاتی دادوەری بردووە بۆ چارەسەرکردنی "ناکۆکییە مێژووییەکان"، لەکاتێکدا دووبارە باسکردنەوەی ئەو پرسە بە هەوڵێک دەزانرێت بۆ لادانی سەرنج لە پرسە گرنگ و هەنووکەییەکان.
پێشتر مشتومڕێکی سیاسی لەسەر "پشووی جەژنی غەدیر" بۆ عێراقییەکانی مەزهەبی شیعە هاتە ئاراوە، دواتر هەوڵی لابردن یان ڕووخاندنی پەیکەری خەلیفەی عەباسی ئەبو جەعفەر ئەلمەنسور درا