دوای چوارساڵ، جارێکی دیکە بازاڕ لە سنووری ئەفغانستان و تاجیکستان کرایەوە

لە ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان و تاجیکستان، بازاڕێک کراوەتە و خەڵکی ئەو دوو وڵاتە دەتوانن کاڵاکانیان تێیدا ساغ بکەنەوە، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ خەڵکی ئەفغانستان کە لە دۆخێکی خراپی داراییدان. بازاڕەکە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاتنە سەر دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان، داخرا.
نزیکەی سێ ساڵە خەڵکی ئەفغانستان لە دۆخێکی سەختی ئابووری و مرۆییدان، بەڵام لە شارۆچکەی قەڵای خومب لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر سنووری نێوان ئەفغانستان و تاجیکستان، بازاڕێک بەڕووی خەڵكی هەردوو وڵات کراوەتە و بووەتە دەرفەت بۆ خەڵکی ئەفغانستان خۆراک و پێداویستی ڕۆژانەی خۆیان لەو بازاڕە بکڕن.
سوبحانوددین هاشم، هاووڵاتی ئەفغانستان دەڵێت، "خۆشحاڵین جارێکی دیکە بازاڕەکە کراوەتەوە، چەندین میوە وشککراوە و گوێزمان دەست دەکەوێت، هەروەها دەتوانین پۆشاک و شیرنەمەنی و چا و تەنانەت کەرستەی بیناسازیش بکڕین."
دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتە دەست بازاڕەکە داخرا، بەڵام ئێستا بەڕووی خەڵکی ئەفغانستان و تاجیکستاندا کراوەتە و چەندین کاڵای جۆراجۆر وەک مریشک، هێلکە، شیر، زەعفەران و رایەخ لەو بازاڕە دەست دەکەوێت.
فەیروز عەبدوڵڵایێڤ، فرۆشیار گوتی، "ماوەیەک بازاڕەکە داخرا و خەڵکێکی زۆری ناڕەحەت کرد، چونکە نەیاندەتوانی شوێنێک بدۆزنەوە تێیدا بەرهەمەکانیان بفرۆشن، بۆیە کرانەوەی ئەو بازاڕە ژیانی ئێمەی ڕزگار کردووە و ئێستا دەتوانین جارێکی دیکە بەرهەمەکانی وەک سەوزە و میوە بفرۆشین."
ئەو بازاڕە نزیکەی 20 ساڵە هەیە و دەسەڵاتدارانی تاجیکستان دەڵێن: "بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناسەقامگیری ناوچەکە داخرا ساڵی 2019، بەڵام سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی تاجیکستان بزووتنەوەی تاڵیبانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، شەش مانگ لەمەوبەر بازاڕەکە بەڕووی دانیشتووانی ناوچە سنووریەکە کراوەیە".