سێیەمین فێستیڤاڵی ئەسپسواری و کێبڕکێی ئەسپی ڕەسەنی کوردی لە کرماشان بەڕێوەچوو

سێیەمین فێستیڤاڵی سوارچاکی ئەسپی ڕەسەنی کوردی بە کێبڕکێی 45 ئەسپی ڕەسەن لە پارێزگاکانی هەمەدان، سنە، کرماشان و خووزستانەوە لە پەرستگەی ئاناهیتای شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. لەو فێستیڤاڵەدا کێبڕکێی ئەسپسواری و جوانی و هێزی ئەسپی کوردی نمایش کرا.
بە گوێرەی نووسراوێکی گەشتیاران و مێژوونووسانی جیهانی، لە هێرۆدۆتەوە بگرە تا ئەوانەی هاوچەرخن، ئەسپی کوردی یەکێک لە نەژادە گرنگ و بەهێزەکانی ئەسپە کە لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوە و خوێنی لە دەماری نەژادەکانی دیکەی ئەسپی گەلاندا دەگەڕێت و بەهۆی تایبەتمەندییەکانی جەستەیەوە لە ناوچەی شاخاوی هەڵدەکات، کەم دەخوات و زۆر بەرگە دەگرێت.
مەهدی گوڵبوداغی، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ و ڕاهێنەری ئەسپی کوردی دەڵێ "ئەسپی کوردی لە جۆرە بەناوبانگ و ڕەسەنەکانی جیهانە، لە ڕووی توانا و تایبەتمەندییەوە لەگەڵ تەواوی جۆرەکانی تری ئەسپ جیاوازیی هەیە و چوست و چالاکە بەرگەی چەندین کار و جووڵەی جیاواز دەگرێت".

ئەسپی کورد جوان و بەهێزە، بە گوێی کورت و دەست و پەلی بەهێز و جەستە پتەوەکەیدا دەناسرێتەوە کە دەتوانێت سەما بکات، باز بدات و ڕمبازی بکات و لە کۆندا بۆ کاروباری گواستنەوە و گەیاندن و گۆڕەپانی جەنگ بەکار هاتووە، بەڵام لەم سەردەمەدا دەتوانێت لە گۆڕەپانی کێبڕکێ وەرزشییەکانی ئەسپسواریدا بەشدار بێت.
شایان ئەفرازی، ئەسپسوار لە یانەی کۆساڵانی کامیاران دەڵێ "ئەو تایبەتمەندییەی ئەسپی کوردی هەیە لە جۆرەکانی دیکەی ئەسپدا نییە، هەر ئەمەش وای کردووە لە کێبڕکێکانی خێرایی، سەنجڕاکێشی جووڵەدا بەشداری پێ بکرێت".
ئەسپی کوردی سێ جۆری بەناوبانگی جافی، هەوشاری و سنجاویی هەیە. لە باری ژمارەوە جۆری جافی زۆرترن و زیاتریش ڕەنگیان ڕەش و سپییە. دووەمین جۆر، لە باری ژمارەوە تیرەی هەوشارییە کە ڕەنگیان زیاتر سووری ئاماڵ ڕەشە کە پێی دەگوترێت ئەسپی کوێت و سێیەمین جۆریش ئەسپی سنجاوییە کە زیاتر ڕەنگیان ئاڵە و پێیان دەگوترێت سوورە کوێت، هەروەها بەشێکیان شینکین. لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی ئەسپی کورد ئەوەیە کە لە ڕمبازیدا ڕەوان و پشوودارە، سووکە و نرکە و سەرسمدانی کەمە و بەرگەی ناوچەی سەخت و شاخاوییەکان دەگرێت.