دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی زەنگی چوونەژوورەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان لێ درا بۆ ئەوەی گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، بەڵام گرژی و ئاڵۆزی لەنێو پەرلەمان دروست بوو لە ئەنجامدا چەند پەرلەمانتارێک بریندار بوون، سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەتیش دانیشتنەکەی هەڵگرت.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، زەنگی چوونەژوورەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان لێ درا بۆ مەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام گرژی و ئاڵۆزیی لە نێوان بەشێک لە پەرلەمانتاران دروست بوو، لە ئەنجامدا چەند پەرلەمناتارێک بریندار بوون و موحسین مەندەلاویش، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەستی پێ کرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.

هاوکات هەر چوار بەربژێرەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بەدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلابکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانیشتنەکە هەڵگیرا.

دەنگەکانی گەڕی دووەم بەو شێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگ، سالم عیساوی 158 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 3 دەنگ.

Fly Erbil Advertisment