کوشتارگەی هەولێر.. داوا لە هاووڵاتییان دەکات گۆشتی سەر شەقام و بێ مۆر نەکڕن

کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ڕۆژانە زیاتر 600 بۆ 700 ئاژەڵی گەورە و بچووک سەردەبڕێت، هەروەها لێژنەی ڤێرتەرنەری بەردەوام پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەن.
هەر ئاژەڵێک نەخۆش بێت یاخود مەترسیی تای خوێنبەربوونی لەسەر بێت، ڕەت دەکرێتەوە و ئاژەڵەکەش لەناو دەبرێت، گۆشتی هەر ئاژەڵێکیش تەندروست بێت و شیاو بێت بۆ خواردن، مۆری کوشتارگەی لێ دەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، د. ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە پشکنینی پێش سەربڕین "ئێمە هەموو ئەو ئاژەڵانە پشکنینیان بۆ دەکەین، بزانین شیاون بۆ سەربڕین، هەروەها هەر ئاژەڵێک نەشیاو بێت ئەوا ئەوا سەرنابڕدرێت و ڕەت دەکرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک ئێمە ڕێگە نادەین لێرە سەرببڕدرێت.
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ستافی پزیشکەکانی ئێمە، لەگەڵ یاریدەدەری پزیشکان پشکنین بۆ یەکە بەیەکەی ئاژەڵەکان دەکەن، هەر ئاژەڵێک چ لاشەکەی بێت یان ئەندامێکی نەشیاو بێت، ئێمە ڕەتی دەکەینەوە".
مەترسیەکانی تای خوێنبەربوون زۆرن و ڕێکارەکان بۆ پێشگریی لەو نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان توندن. لە سەرەتای ئەمساڵەوە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووک سەربڕدراون. لەو ژمارەیەش زیاتر لە 16 هەزار کیلۆگرام گۆشتی نەخۆشی ئاژەڵی بچووک و گەورە ڕەت کراوەتەوە بە مەبەستی پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر گوتی: "بەر لەو نەخۆشییە و لەگەڵ بوونی ئەو نەخۆشیەش، پێویستە ئاژەڵەکان لە ماڵەوە و لە کۆڵانەکان سەرنەبڕدرێن بەڕاستی گۆشتی سەر شەقام بەبێ مۆر و پسوولەی سەربڕین، مەکڕن".
گوتیشی: "پێمان باشە هاووڵاتییان ئاگادار بکەینەوە، لەکاتێک کە ئەو نەخۆشیە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕوو لە هەڵکشان دەکات. پێویستە هاووڵاتییان گۆشت لە شوێنە فەرمییەکان و ئەو شوێنانە بکڕن کە مۆریان پێوەیە".
جگە لەو پشکنینانەی لە کوشتارگە هاوچەرخەکان دەکرێت لێژنەکانی قایمقامیەتیش هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی هەموو ئەو شوێنانەیان دەست پێ کردووە کە ئاژەڵ بە شێوەی نافەرمیی لەسەر شەقامەکان سەردەبڕن
لەهەمانکاتیشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان برۆشووری تایبەت بە تای خوێنبەربوونی بڵاوکردووەتەوە، بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان لە تای خوێنبەربوون.