هۆشەنگ باوانی: سەرۆک بارزانی ڕۆڵی لە نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی عێراق هەیە

هۆشەنگ باوانی، شرۆڤەکاری سیاسی
هۆشەنگ باوانی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: فریادڕەسی عێراق لە هەموو ئاڵۆزییەکان سەرۆک بارزانی بووە، هەروەها کوردەکانیش هەمیشە بە شێوەیەکی هاوسەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کێشەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کردووە

هۆشەنگ باوانی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لە دوای ساڵی 2003ـدا ئاڵۆزییەکان لەنێو عێراقدا زیاتر بووە، هەموو جارێکیش کورد ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکان، بە تایبەتی سەرۆک بارزانی رۆڵی هەبوو لە داڕشتنی سێ پرەنسیپی زۆر گرنگ بۆ بیناتنانەوەی عێراقێکی نوێ کە پێی دەگوترێت پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، بە داخەوە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تا ئێستا نەیانتوانیوە پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و ئیدارەدانی دەوڵەت پیادە بکەن، بۆیە تا ئێستا ئاڵۆزی لە نێو دۆخی وڵاتەکەدا هەیە و ناتەبایی هێزە سیاسییەکانیش هەمیشە بەردەوامە.

هاوکات دەڵێت: سووننەکان لە دوای ساڵی 2003 دەرفەتێکی زێڕینیان لەدەستدا کە دەیانتوانی ئەوکات هەرێمێکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن، ئەگەر ئەو کارەیان کردبا ئێستا ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە رووینەدەدا لەو وڵاتە و خاوەنی پەرلەمانێکی هەرێمیی خۆیان دەبوون.

ئەو شرۆڤەکاری سیاسییە، باسی لەوەکرد، بە شێوەیەکی گشتی سووننەکان کێشەکی قووڵیان هەیە و نەیانتوایوە لەسەر دیاریکردنی رابەرێک یان سەرکردەیەک بۆخۆیان رێک بکەون، هەروەها سووننەکان لە ئێستادا ناکۆکن تەنانەت ناتوانن رێککەون کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دیاری بکەن.

هۆشەنگ باوانی گوتی: کاریگەریی دەرەکی لەسەر هەڵبژاردنی دوێنێی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەبوو، هەروەها سووننەکانی عێراق بەشێوەکی گشتی لەژێر کاریگەریی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێن.

گوتیشی: فریادڕەسی عێراق لە هەموو ئاڵۆزییەکان سەرۆک بارزانی بووە، هەروەها کوردەکانیش هەمیشە بە شێوەیەکی هاوسەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کێشەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کردووە.

Fly Erbil Advertisment