پۆلیتیکۆ: بلینکن داوای لە کارمەندانی وەزارەتەکەی کردووە دزە بە زانیارییەکانی غەززە نەکەن

ئەنتۆنی بلینکن، داوای لە کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد، زانیاری لەبارەی پرۆسەی دیپلۆماسی پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و حەماس دزە پێ نەکەن.
ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" بڵاوی کردووەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن ڕەخنەی لە سەرکردایەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گرتووە بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئایاردا، بەرپرسی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشنیازە نوێیەکانی سەبارەت بە دۆخی غەززە بۆ میدیاکان دزە پێ کردووە، بلینکن گوتیشی: ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی گفتوگۆ دیپلۆماسییە هەستیارەکان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ناکات و ڕاوێژکارییە ناوخۆییەکان ئاڵۆزتر دەکات.
بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاژانسی "ئاکسیۆس"یان ڕاگەیاندووە، کە دوایین گفتوگۆکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندیدار بە دۆخی شەڕەوە سێ هەفتە لەمەوبەر هاتووە، وەک چۆن بەڕێوەبەرانی مۆساد ڕێگرییان لێ کردووە لەوەی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ و دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان لە کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا باس بکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، سەریهەڵدا، حەوت جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە بۆ چارەکردنی دۆخی ناوچەکە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران. هەروەها بە گوتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل، زیاتر لە 250 کەس ڕفێندراون و تا ئێستا 128 کەسیان لە غەززە دەستبەسەرن و 37 کەسیان مردوون.
لە بەرانبەر هێرشەکەدا ئیسرائیل بەڵێنی "نەهێشتنی" حەماسی دا و لەو کاتەوە بەچڕی بۆردومانی شارەکەی کردوو و دواتر ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 35 هەزار کەس کوژراون کە زۆرینەی ئافرەت و منداڵن.