درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمەریکی لە یەمەن خرایە خوارەوە

درۆنی ئەمەریکی جۆری MQ-9 9
درۆنی ئەمەریکی جۆری MQ-9 9

گوتەبێژی سەربازی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، لە ئاسمانی پارێزگای بەیزا درۆنێکی جۆری ئێم کیو9ی ئەمەریکییان خستووەتە خوارەوە.

یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیداوە، سیستەمی بەرگری هێزەکانیان لە ئاسمانی پارێزگای بەیزا درۆنێکی جۆری 9MQ-9  یان خستووتە خوارەوە لەو کاتەی هەوڵی بۆمببارانکردنی چەند شوێنێکی داوە.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا چەکدارە حوسییەکان سەرکەوتوو بوون لە خستنەخوارەوەی پێنج درۆنی پێشکەوتووی ئەمەریکی لەم جۆرە.

یەحیا سەریع ئاماژەیداوە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە پەرەپێدانی توانا سەربازیی و بەرگرییەکانیان دژ بە ئەمەریکا و بەریتانیا بەردەوام دەبن، جەختیشی کردووەتەوە کە لە بەرگریکردن لە یەمەن و گەلی فەڵەستین کۆڵ نادەن و هێرشەکانیان لە دەریای سوور زیاتر چڕ دەکەنەوە لە پێناو تێکشکاندنی ئەو گەمارۆیەی سوپای ئیسرائیل خستوویەتە سەر دانیشتووانی کەرتی غەززە.

درۆنی MQ-9 9 Reaper لە ساڵی 2007ـەوە خراوەتە خزمەتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکاوە، توانای فڕین و هێرشەکانی تاوەکوو دووری 1850 کیلۆمەترە و کە هەر کاژمێرێکدا 482 کیلۆمەتر دەبڕێت.

هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکە ئەو درۆنە ئەوەیە دەتوانێت بەرزی 15 هەزار 240 مەتر بۆ 32 کاتژمێر لە ئاسمان بمێنێتەوە، کێشی درۆنەکە دوو تۆن و 250 کیلۆیە و هەڵگری مووشەکی لەیزەریی و هێڵفایەرە، تێچووی دروستکردنی هەر درۆنێکی MQ-9 9  30 ملیۆن دۆلارە.