بانکی ناوەندی: پشکی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران زیاد نەکراوە
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە زیادکردنی پشکی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە 2,000 دۆلارەوە بۆ 3,500 دۆلار دەکەن.
ئەمرۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامەیەی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە زیادکردنی پشکی دۆلاری تەرخانکراو بۆ گەشتیاران بۆ 3,500 دۆلار ساختەیە. ئاماژەی بەوەش دا، هیچ بڕیارێکی لەم شێوەیە دەرنەکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەندێک پەیج و دەزگایی میدیایی بەڵگەنامەیەکی ساختەیان بڵاوکردەوە کە دەدرێتە پاڵ بانکی ناوەندی - بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بانکەکان. لەو بەڵگەنامەیەدا بانگەشەی ئەوە کراوە بانکی ناوەندی بڕیاریداوە پشکی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە سبەی دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە بەرز بکاتەوە.
بانکی ناوەندی سەرلەبەر ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە، پابەندە بەو رێنمایی و رێکارە فەرمییانەی ئێستا کاریان پێدەکرێت.