وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بەغدا رەزامەندیی لەسەر ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دا

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ ڕەزامەندیی دا لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی کە تەنیا 18%ی پێداویستیی خێزانەکان پڕدەکاتەوە؛ وەزارەتەکە جەختی کردەوە بە گەیشتنی سووتەمەنییەکە، بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک دابەشی دەکەن و لەسەر هێڵ دەبن بۆ زیادکردنی بڕەکەی. 

یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەنداوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی؛ ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ ڕەزامەندیی بۆ دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم دا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم بڕە نەوتە تەنیا 18%ـی پێداویستیی هەرێمی کوردستان دابین دەکات کە پێویستی بە بڕی 268,710,600 لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک تەنیا 200 لیتر دابین بکریت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزای شارەکانەوە بە میکانیزمێکی گونجاو و بە هەمان نرخی دابینکراو لە لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کە 250 دینارە بۆ هەر لیترێک، دەست بە دابەشکردنی دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە و زیادکردنی بڕەکەی کە لەگەڵ پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بگونجێت.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، فەرمانی بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە، تاوەکو پەلە بکەن لە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان بۆ ئامادەکردن و ناردنی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر نەوتی سپی بۆ مەبەستی گەرمکردنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا. 

لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام کێشە لە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی عێراق ساڵانە بڕێک نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

 ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ خێزانەکان، بەو پێیەی نرخی نەوتی بازرگانی لە بازاڕەکاندا بەرزە و بەشێک لە هاووڵاتییان توانای کڕینیان نییە. 

پڕۆسەی دابەشکردنی ئەو نەوتەش بەپێی پسوولە و لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.