بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون شەش ڕێکار دەگیرێتەبەر

درمانڕشاندنی ئاژەڵام بۆ ڕێگری لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون
درمانڕشاندنی ئاژەڵام بۆ ڕێگری لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون

وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە پێناو ڕێگری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە ئێستا لە هەندێ پارێزگای عێراق بڵاوە، شەش ڕێکار دەگرنەبەر.

ڕێکارەکانیش ئەمانەن:

یەکەم: پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگا و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دووەم: پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستییان.

سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان ڕەچاو بکرێت.

چوارەم: پێویستە لە خاڵە سنوورى و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە هاوردەی ناو هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ ئەوەی لە تەندروستی ئاژەڵەکان دڵنیا ببینەوە.

پێنجەم: وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتەش هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

شەشەم: کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە  دەرەوە و نێو هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تیایاندا بڵاو بووەتەوە.