شرۆڤەکارێکی سیاسی: ئیبراهیم ڕەئیسی لە سەرۆکەکانی پێشووتر بەهێزتر بوو
شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، ئێران مەرجەعیەتەکی توندی ئایینی و سیاسی خۆی هەیە، زۆر جار ئەو ئەو پلە و پۆستانەی کە جێبەجێکارن، زۆر کاریگەرییان نابێت لەسەر خودی ئێران.
یاسین عەزیز، شرۆڤەکاری سیاسی سەبارەت بە گیانسپاردنی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و هاوەڵەکانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێران مەرجەعیەتەکی توندی ئایینی و سیاسی خۆی هەیە، زۆر جار ئەو ئەو پلە و پۆستانەی کە جێبەجێکارن زۆر کاریگەرییان نابێت لەسەر خودی ئێران".
یاسین عەزیز گوتیشی، "لەگەڵ ڕوودانی ئەو ڕووداوە جۆرێک لە گومانی دروست کردووە لەسەر بارودۆخی نێو ئێران، یان لەسەر کێشەی دەسەڵات یان ڕکابەری نێو دەسەڵاتی ئێران، هەروەها ڕێبەری ئێستای ئێران عەلی خامەنەیی تەمەنی بووەتە 85 ساڵ، بەمەش هەوڵ دەدرێت یەکێک بۆ جێنشینی خامەنەیی دیاری بکرێت و ڕکابەریەتییەکیش لەسەر ئەو بابەتە هەیە، کە ناوی ئیبراهیم ڕەئیسیش یەکێک لەو ناوانە بوو کە باس دەکرا بکرێتە جێنشینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت کە پەیوەندییەکی زۆر توند و تۆڵ و مێژوویی هەبوو لەگەڵ عەلی خامەنەیی، بۆیە پێم وایە کاریگەریەکانی لەناو ئێران زیاتر دەبێ نەک لە دەرەوەی ئێران، چونکە لووتکەی دەسەڵات لە ئێران هەرەکو خۆی دەمینێ و سەقامگیرە."
ئەو شرۆڤەکارە باسی لەوەش کرد، "ڕەئیسی تۆزێک بەهێزتر بوو لە سەرۆکەکانی پێشتر یان دەسەڵاتی زیاتر بوو هیچ کام لە سەرۆکەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی پاڵێوراو نەبوون کە جێنیشینی ڕێبەر بن، بەڵام ئەوەی کە باسکرا ڕەئیسی پاڵێوراوە بۆ جێنیشینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ئەوەش وای کرد ڕەئیسی بەهێزتر بێت لە سەرۆکەکانی پێشتر."
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.
سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:
- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز
- مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز
- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار
- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە
- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران
عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان ڕاگەیاند.
خامنەیی هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی ماددەی 131ی دەستوور، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی جێبەجێکردنی وڵات بەڕێوە دەبات و لەو بوارەدا دەبێ لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری هاوئاهەنگیی بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی 50 ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوە بچێت و سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.
بە گوێرەی ماددەی 131ـی دەستووری ئێران، دوای نەمان، ئامادەنەبوون، دوورخستنەوە، دەست لە کار کێشانەوە یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار، بە رەزامەندیی ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەدرێت.