پەرلەمانتارێکی عێراق: سەنتەرەکانی جوانکاریی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئایدزن

ئەندامێکی لێژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق سەنتەرەکانی جوانکاریی بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز دەزانێت و داوای داخستنی سەرجەم سەنتەرەکان دەکات. ئاشکراشی کرد، زۆرترین ژمارەی تووشبووانی ئایدز لە بەری ڕەسافەی بەغدان.
سەنا ئەزیر جاوی، ئەندامی لێژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە پسپۆڕانی نەشتەرگەریی جوانکاریی دیار بکات تاوەکوو سنوور و چوارچێوەیەکی یاسایی و تەندروستی بۆ نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی دیاری بکرێت.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە پزیشکە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی دیاری بکرێن، لەوانە پزیشکانی پسپۆڕی ڕووخسار و چەناگە لە ڕووی یاساییەوە بۆیان هەیە لە بواری جوانکاریدا کار بکەن، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی پزیشکانی ددان لەو بوارە کار بکەن، هەر بۆیە باشتر وایە تەواوی سەنتەرەکان دابخرێن.
هەروەها ئاماژەی داوە، هەرچەندە سەنتەرە مۆڵەت پێدراوەکانی جوانکاریی لە سەرتاسەری عێراق تەنیا 79 سەنتەرن، بەڵام بە گوێرەی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی نەخۆشی ئەیدز لە عێراق هەن، هەر بە بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی دەرکەوتووە ئەوانەی بەم دواییە تووشی نەخۆشی ئایدز بوون لە سەنتەرەکانی جوانکارییەوە تووشبوون، زۆرترین ژمارەی تووشبووانیش لە بەری ڕەسافەی بەغدایە.