سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دابینکردنی ئامێری سیتی سکانـی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان دەربڕی

ئامێری تیشک
ئامێری تیشک

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی  ئامێری سیتی سکان CT – Scan  بۆ نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان.

ڕۆژی سێشەممە(21ـی  ئایاری 2024)، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، پاش داوایەکی وەزارەتی تەندروستی، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕەزامەندی نیشان داوە بۆ دابینکردنی ئامێری CT – Scanبۆ نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان لە قەزای چۆمان.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، بە ملیارێک و دوو سەد ملیۆن دینار، ئامێری  تیشکی (مفراس) CT - Scan بۆ نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان لە قەزای چۆمان دابین دەکرێت.

پێشتر، دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر داوای وەزارەتەکەیان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابینکردنی ئامێری تیشکی( مفراس) CT-scan ـی بۆ شاری کۆیە دا.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە، هەمان ڕۆژ، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامێری تیشکی لەرینەوەی موگناتیسی MRI بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شەقڵاوە دابین کراوە.