توركیا: دوورخستنەوە و خانەشینكردنی ئەفسەرە پلە باڵاكانی سوپا بەردەوامە
ھەڵمەتەكانی دوورخستنەوە و دەركردن، وەزارەتی ناوخۆیشی گرتووەتەوە
بە مەبەستی سنووردانان لەبەردەم زیادبوونی ژمارەی ئەفسەرە پلە باڵاكان، ئەنجوومەنی شوورای سەربازیی توركیا ماوەی خزمەتی سەربازی بۆ ئەفسەران، لە 31 ساڵ بۆ 28 ساڵ كەم كردەوە و 586 ئەفسەری بە پلەی عەقید خانەنشین كرد.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند، لەو ژمارە ئەفسەرەی كە ئەنجوومەنی شوورا خانەنشینی كردوون، 470 لە ھێزەكانی وشكانی، 71 لە ھێزەكانی دەریایی و 45 لە ھێزی ئاسمانی بوون.
ھاوكات ئەنجوومەنی ناوبراو ماوەی دوو ساڵ خزمەتی بۆ 434 عەقید درێژ كردەوە، لە نێویاندا 372 لە ھێزی وشكانی، 45 لە ھێزی دەردیایی و 25 لە ھێزی ئاسمانی.
ئەوە دووەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شوورای سەربازیی ئەو وڵاتەیە دوای كودەتاكەی 15ی مانگی تەممووز، كە لە بارەگای حكومەت و بە سەرپەرشتی سەرۆكی وەزیران بەڕێوە دەچێت، لەكاتێكدا پێشتر ئەو ئەنجوومەنە ساڵانە تەنیا دوو جار و لە بارەگای سەرۆكایەتیی ئەركان كۆدەبووەوە.
ھەڵمەتەكانی دوورخستنەوە و دەركردنی فەرمانبەران لە توركیا وەزارەتی دەرەوەیشی گرتووەتەوە. لەم رووەوە مەولوود چاویش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لێپرسینەوە لە 332 فەرمانبەر كرواە و بەشێك لەوانە لە كاركردن سڕ كراون و 89 فەرمانبەریش دەركراون و 31 فەرمانبەری دیكەش لە دەستی دادگا رایان كردووە.