بێگەرد تاڵەبانی: خەریکە نەخۆشکەوتن و مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دوکان کۆنترۆڵ دەکرێت

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو - سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو - سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتی خوێدا ڕێکاری پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی هۆی نەخۆشکەوتن و مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دوکان گیرایە بەر و خەریکە دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکرێت.

وەزیری کشتوکاڵ، لە کۆنفراسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سامان حسێن وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، ڕۆژانە ڕاپۆرتەکانی ڤێتەرنەریمان پێ دەگات کە دۆخەکە بەرەو کۆنترۆڵکردنە و نزیکە ژیان لە دوورگەی نەورەسەکان ئاسایی ببێتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: خۆشبەختانە نەخۆشکەوتن و مرداربوونەوەی نەورەسەکان هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی نەبووە لە سەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێو پەلەوەرەکانی دەڤەرەکە.

هەروەها ئاماژەی دا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی و ڕێکخراوی فاو بە هاوبەشی لە سەر کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتایەی لە دوورگەکە بڵاوبووەتەوە، کار دەکەن.

لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکارە تەکنیکییەکانی دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری سەرپەرشتیی راستەوخۆی لێژنەکانی بەڕێوبەرایەتییەکانی ڤێتەرنەری دەکات لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرمانڕێژکردنی ئەو شوێنانەی ئاژەڵانی تێدا بەخێو دەکرێت.

گوتیشی: بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون چەند ڕێنماییەک بڵاوکراوەتەوە بە تایبەت کە لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە و بەهۆی قوربانی کردن مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە زیاتر دەبێت.

Fly Erbil Advertisment