داعش لە عێراق و سووریا لاساییکردنەوەی بەرنامەکانی هەواڵ ژیریی دەستکرد بەکار دەهێنێت

ڕێکخراوی داعش لەم دواییانەدا فۆرمێکی نوێی پڕوپاگەندەی پەرە پێداوە، هەروەک ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە.

لەم دواییەدا، بەگوێرەی راپۆرتەکان، داعش بە کەڵک وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد (AI)، شتێک دروست دەکات کە پێدەچێت هەواڵێک بێت سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکانی و دواتر بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی دەکاتەوە.

ئەم جۆرە لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد چوار ڕۆژ دوای ئەوەی کە گرووپێکی داعش هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی مۆسیقای مۆسکۆ لە 22ی ئازاردا، و بەهۆیەوە 145 کەس کوژران، دەستی پێ کرد.

ئەو هێرشە دوای هێرشێک بوو لە 3ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دێت لە شاری کرمان لە ئێران، کە گرووپێکی ڕێکخراوی داعش، بەناوی داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و لەو هێرشەدا زیاتر لە 100 کەسی کوژران.

تا ئەو کاتە وا دیار بوو داعش بەهۆی شەڕی درێژخایەنی سەرکردایەتیی ئەمریکا لە دژی داعش زیانێکی زۆری بەرکەوتبێت. لە پێنج ساڵی ڕابردوودا هیچ هێرشێکی گەورە لە دەرەوەی ناوچە سەرەکییەکانی ئەفغانستان، پاکستان، عێراق و سووریا ڕووی نەدابوو. پێش ئەم هێرشانە، کۆتا هێرشی سەرەکی و خوێناوی داعش لە 21ی نیسانی 2019ـەوە بوو، کە لە ڕۆژی جەژنی ئیستەر بۆ سەر کڵێسا و هۆتێلەکانی سریلانکا بووە هۆی کوژرانی 251 کەس.

داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت، کە بە وتەی خۆی تۆڵەسەندنەوە بوو لە هێرشکردنە سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا. ئەو هێرشە کە لەلایەن گەنجێکی تەمەن 28 ساڵانی نەژادپەرستی سپی پێستەکانی ئوسترالیا، بەناوی برێنتۆن تارانت کرا و بووە هۆی کوژرانی 51 کەس.

گەڕانەوەی داعش؟

هێرشەکانی ئەمساڵ لە ئێران و ڕووسیا ئەگەری گەڕانەوەی داعشیان زیادکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم ڕاپۆرتەکانی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن ئەم گروپە توندڕەوە تیرۆریستییە سەریان هەڵداوە.

بەکارهێنانی AI لەلایەن داعشەوە بۆ یەکەمجار دوای هێرشەکەی ڕووسیا سەری هەڵدا. دوای چوار ڕۆژ، وەک ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕوونی کردەوە، کورتە ڤیدیۆیەک "لە سەر پلاتفۆرمێکی تایبەت" دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد کە پەیوەندی بەو گروپە تیرۆریستییەوە هەبوو.

ڤیدیۆکە کورت بوو- تەنها 92 چرکە. لە فیلمەکەدا "بێژەرێکی هەواڵ بە کڵاو و یونیفۆرمی سەربازی"ـەوە نمایش کرابوو. دواتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشەکەی مۆسکۆ تیرۆریستی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە "چوارچێوەی ئاسایی شەڕی توندوتۆڵی نێوان دەوڵەتی ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی کە شەڕیان لەگەڵ دەکەن".

ڤیدیۆکە ساختە بوو. واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەش کردووە، "بێژەرەکە" بەهۆی ژیری دەستکردەوە دروست کرابوو، لەکاتێکدا ڤیدیۆکە "بەشێک بووە لە بەرنامەیەکی نوێی میدیایی کە لەلایەن AI دروستکراوە بەناوی نیوز هارڤێست".

وەک دەرکەوت، ئەم کردەیەی داعش ڤیدیۆی "هەواڵی" زیاتر بەدوای خۆیدا هێنا، بەمەش بەرنامەیەکیان دەستپێکرد کە "هەفتانە ڤیدیۆ هەواڵی ساختە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهان"ی تێدایە و بڵاو دەکرێتەوە. بەپێی راپۆرتی واشنتن پۆست، ئەم ڤیدیۆیانەی داعش بەشێوازێک "دروستکراون وەک ئەوەی لە هەواڵێکی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەلجەزیرە بچێت."

هەفتەیەک پێش هێرشەکەی مۆسکۆ، لایەنگرێکی داعش بانگەشە بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەکات. ئەم کەسە لەژێر نازناوی ئەل کوردی 500 (Al Kurdi 500) هەوالەکەی بڵاو کردەوە بەڵام ئەمە مەرج نییە بەو واتایە بێت کە کەسە ڕاستەقینەکە کورد بوو بێت و دەکرێ لە هەر نەتەوەیەکی دیکە بوو بێت. هەر ئەمە ویستە سەرەکیەکەی داعش دەسەلمێنێت کە لە ژێر ناسنامەی ساختە هەواڵی ساختە دروست بکات و بڵاو بکاتەوە بۆ مەرامی شێواندنی زانیارییەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە.

"زۆر باش دەبێت ئەگەر براکانمان ڤیدیۆی تایبەت بە هەواڵی ڕۆژانە بەرهەم بهێنن، وەک بەدیلێک بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکان بە دەق و سەیرکردنی وێنەکان"، ئەلکوردی نووسیویەتی، "وەک چۆن کەناڵە هەواڵییەکانی وەک ئەلجەزیرە" ئەو کارە دەکەن.

لە درێژەی پۆستەکەی وتی: "تەکنەلۆژیا زۆر پەرەی سەندووە و ئەمە لەم سەردەمەدا ئاسانتر دەبێت، بەتایبەتی بە بەکارهێنانی AI." ئاماژەی بەوەش کردووە، "مێدیا هێندەی شەڕی فیزیکی گرنگە، یان لەوەش زیاتر. چونکە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی بەسەر خەڵکدا هەیە."

هێرشکردنە سەر هۆڵی مۆسیقای مۆسکۆ دوای هەفتەیەک لەم پۆستە ڕوویدا و چوار ڕۆژ دوای ئەو هێرشە، کەسێکی دیکە بە ناوی هیساد ئەم ئەکاونتە بەکار دەهێنێت و ئەڵقەی یەکەمی بەرنامەی "نیوز هارڤێست" (News Harvest)ی بڵاو کردەوە.

لەو کاتەوە تا ئێستا شەش پەخشی دیکەی نیوز هارڤێست بڵاوکراونەتەوە. واشنتن پۆست وتی ئەوان "تێڕوانینێکی گشتییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهان" پێشکەش کردووە، لەنێویاندا لە عێراق و سووریا، هەروەها وڵاتانی ئەفریقایی وەک نەیجەر، کامێرون و نەیجیریا.

وەرگێڕان: د. کامەران عەزیز

Fly Erbil Advertisment