هەڵمەتی قەڵاچۆکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ئاکرێ دەستی پێ کرد

ڤێتەرنەری ئاکرێ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لە نێو ئاژەڵدارانی سنووری شارۆچکەکە دەست پێ کرد، چەند ڕۆژێکە نەخۆشییەکە لەوێ بڵاوبووتەوە.

هەڵمەتەکە جیا لە دەرمانڕێژکردنی هۆڵ و گەوڕی ئاژەڵەکان، لە ناوچەیەکیش مەڕو ماڵاتەکان لە دەرماناو هەڵدەکێشن.

لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە، عیماد محەممەد بەرپرسی بنگەی ڤێتەرنەری ئاکرێ، بۆ کوردستان24 گوتی "هەڵمەتەکە تاوەکوو کۆتایی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت و بە دوو شێواز دەکرێت، هەم ئاژەڵەکان بە دەرمان دەشۆردرێن، هەم شوێنی بەخێوکردنیشیان دەرمانپرژێن دەکرێت ئەمەش بۆ بنەبڕکردنی مشەخۆرەکانە بە تایبەت بۆ نەهێشتنی گەنە کە هۆی بڵابوونەوەی نەخۆشییەکەیە".

ئاژەڵداران بە پەرۆشەوە بە پیر هەڵمەتەکەوە چوون بۆ ئەوەی هەم مەڕو ماڵاتەکانیان لە مەترسی نەخۆشییەکە بپارێزن هەم خۆیان لە زیانە تەندروستی و ماددیەکانی تای خوێنبەربوون بەدروور بگرن.

مەڕدارێک بەناوی عەلی مستەفا دەڵێ "ئێمە حەز دەکەین ئەو هەڵمەتە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزان هەبێت، چونکە سوودێکی زۆری هەیە و مەترسییەکان ناهێڵێت".

ئاژەڵدارێکی دیکەش بەناوی جەوهەر عەبدولکەریم دەڵێ "داواکارین ساڵانە سێ جار هاوکارمان بکەن بۆ ئەم هەڵمەتە، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرێت، بەدڵنیاییەوە نەخۆشییەکان بۆ مەڕداران و خاوەنەکانیان دەگوازرێتەوە.

هەڵمەتەکە بە تەنیا لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ ناکرێت بەڵکو بەو شێوە فراوانە سنووری پارێزگای دهۆک دەگرێتەوەوە لە پلانیاندایە لە 10 ڕۆژدا تەواوی مەڕ و ماڵاتی و ئاژەڵدارانی سنووری بادینان دەرمانڕێژ بکەن و لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بپارێزن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی تەندروستی ئاکرێ لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دوو هاووڵاتیی لە سنووری شارۆچکەکە تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوون کە ئافرەتێک و پیاوێک بوون کە هەردووکیان ئاژەڵداربوون و یەکێکیان تەمەنی 47 ساڵ بووە و بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی سپاردووە.

هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو ڕێگریی لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون گرتبەری شەش ڕێکار ڕاگەیاندووە.