بەڕێوەبەری هاتوچۆی دهۆک: دەرهێنانی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل بە ئەلیکترۆنی دەکرێت
"بەهۆی کامیرای خاڵ بۆ خاڵ ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبووەتەوە"

بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، "لەڕووی سیستەمەوە ئێستا مۆڵەتی شۆفێری دهۆک و مۆڵەتی شۆفێری ئەڵمانیا وەکو یەکە، واتە یەک جۆرە سیستەمە و نێودەوڵەتییە".
ئەمڕۆ هەینی 24ـی ئایاری 2024، عەمید ئیبراهیم عەگید، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ پلانی ستراتیژیمان هەیە، هەروەها هەوڵی زیاتر بۆ بەرەوەپێشوەچوون دەدەین، چ بە ئەلیکترۆنیکردنی هەندێک سیستەم بێت، یان هاریکاری دامودەزگاکانی حکوومەت بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، "ساڵی ڕابردوو سیستەمی مۆڵەتی شۆفێریمان بە ئەلیکترۆنی کردووە، هەروەها دەرهێنانی ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیشمان کردووەتە ئەلیکترۆنی کە لەماوەی 10 ڕۆژی داهاتوو دەست پێ دەکات، تاوەکو کۆتایی ساڵ هەموو سیستەمەکان دەبێتە ئەلیکترۆنی".
بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای دهۆک باسی لەوەشکرد، "لە ڕووی سیستەمەوە ئێستا مۆڵەتی شۆفێری دهۆک و مۆڵەتی شۆفێری ئەڵمانیا وەکو یەکە، واتە یەک جۆرە سیستەمە و نێودەوڵەتییە، دەشڵێت: پێشتر بواری ساختەکردن هەبوو بەڵام ئێستا هەمووی ئەلیکترۆنییە زیاتر کارەکان کۆنترۆڵ دەکرێن".
عەمید ئیبراهیم عەگید گوتیشی: هەوڵ دەدەین شەقامەکان فراوانتر بکەین و ترافیکەکان نەهێڵین و یوتێرنەکان زیاتر بکەین، چونکە خەڵک زۆر بووە و ئۆتۆمبێلیش زۆر بووە.
سەبارەت بە کامیرای خاڵ بۆ خاڵ ڕایگەیاند، "ئێمە ساڵانە ئاماری ڕووداوی هاتوچۆمان هەیە، بۆ نموونە، ساڵی 2016 ژمارەی مردن بە هۆی رووداوی هاتوچۆ 205 کەس بووە، دوای دانانی کامیرە ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەکان کەمتر بوونەوە، لە کاتی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کەرەنتینە بوو 58 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ مردوون، بەڵام لە ساڵی 2023دا، کە کەرەنتینەش نەبووە ئینجا 59 کەس بەڕووداوی هاتوچۆ مردوون، ئەوەش بەهۆکاری دانانی کامیرە بووە، سەبارەت بە بریندارانی ڕووداوی هاتوچۆ لەساڵی 2016 چوار هەزار بریندار بوون، بەڵام پارساڵ 820 کەس بریندار بوونە".