کۆبوونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دواخرا
هەرچەندە بڕیاربوو سبەینێ تەیف سامی وەزیری دارایی بێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆببێتەوە بەڵام بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کۆبونەوەکە دواخراوە .
لەوبارەیەوە ئیخلاس دلێمی، جێگری سهرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی سبەینێ لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتیشی، هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سبەینێ نوێنەری پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران و تەیف سامی وەزیری دارایی لەسەر کەمبوونەوەی بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگاکانیان کۆدەبنەوە.
لەپرۆژە بودجەی ساڵی2024، پشکی سەرجەم پارێزگاکانی عیراق لەبودجەی وەبەرهێنان کەمکراوەتەوە و ئەمەش نارەزایەتی پارێزگاکانی لێکەوتۆتەوە.
پێشتریش خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی داریی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، سبەی یەکشەممە، 26-05-2024، لێژنەی داریی میوانداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی دەکات بۆ ئەوەی وەڵامی ژمارەیەک پرسیار و تێبینی ئەندامانی لیژنەکە لەبارەی هەمواری خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی بداتەوە.