وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هەڕەشە لەو بانکە ئەورووپاییانە دەکات کە لە ڕووسیا کار دەکەن
جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هۆشداریی دایە بانکە ئەورووپاییەکانی ڕووسیا کە مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکەن، دەڵێت، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە لەگەڵ سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمەریکاوە.
جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: "بانکە ئەوروپییەکان ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە لە چالاکییەکانیان لە ڕووسیا، ئەمەریکاش هەوڵ دەدات سزا لاوەکیەکانی لەسەر ئەو بانکانە توندتر بکاتەوە، کە دەرکەوتووە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئۆکرانیا مامەڵە لەگەڵ ڕووسیەکان دەکەن".
یێڵن لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گروپی "جی حەوت" لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند، "سزا بەسەر بانکەکانی ئەوروپا لە ڕووسیا ناسەپێنرێت تەنها ئەگەر هۆکارێک بۆ ئەمە هەبێت، بەڵام کارکردن لە ڕووسیا مەترسی دروست دەکات".
هەروەها ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە "سیاسەتی کۆنترۆڵکردن و لاوازکردنی ڕووسیا" ستراتیجێکی درێژخایەنی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و سزاکان گورزێکی جیددیان لە تەواوی ئابووریی جیهانی داوە.
ئاماژەی بە توانای ئابووری ڕووسیا کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە و درێژەدان بە گەشەکردنی، بە پێچەوانەی ئابووریی ئەو وڵاتانەی کە ئەو سزایانە دەسەپێنن.