نێچیرڤان بارزانی: عێراق و هه‌رێمى كوردستان زۆر هاوبه‌شييان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا هه‌يه‌

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌حمه‌د بن حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌حمه‌د بن حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، رایگەیاند، زه‌مينه‌ى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌. هاوکات ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا، عێراق و هه‌رێمى كوردستان، زۆر هاوبه‌شييان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا هه‌يه‌.

ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی ئایاری 2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د بن حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كرد.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ کرد.

شاندى قه‌ته‌رى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى متمانه‌ى به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ و خوازياره‌ له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا زياتر بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى بدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمى كونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌.

هەروەها شاندی قەتەری ئاماده‌يى وڵاتەکەیان نيشان دا كه‌ له‌ بواره‌كانى وزه‌، گه‌شتيارى، كشتوكاڵ، خوێندن و په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و چه‌ندين بوارى ديكه‌دا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى لە هەرێمی کوردستاندا بکەن بكه‌ن.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕاى پيرۆزبايى، خۆشحاڵيى خۆى بۆ‌ كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا، جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ زه‌مينه‌ى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌، به‌تايبه‌تى له‌ پرۆژه‌كانى ژێرخاندا.

هه‌روه‌ها ناوبراو سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيرى و هاوكاريى قه‌ته‌ر بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، زۆر هاوبه‌شييان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا هه‌يه‌.

س