لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لە سێ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، سێ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەند و باشووری کەرتی غەزە لە مانگی نیساندا، بووە هۆی کوژرانی 44 هاووڵاتی مەدەنی، کە 32 یان منداڵ بوون، لەبەرئەوە داوای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ بکات.

ئێریکا گیڤارا ڕوساس، بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەم هێرشە وێرانکەرانە خێزانەکانیان لەناو برد و 32 منداڵیان کوشت" و جەختی لەوەش کردەوە،  "لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوەکە بەڵگەی بنچینەیی هەیە کە ئاماژە بە هێرشە نایاساییەکانی سوپای ئیسرائیل دەکات".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ 17 کەس لە ڕزگاربووان و شایەتحاڵەکان کردووە و سەردانی نەخۆشخانەیەکی کردووە کە بریندارەکانی تێیدا چارە کراون، وێنەی پارچە تەقەمەنییەکانیان گرتووە، ئاماژەی بەوەش داوە هێشتا وەڵامی پرسیارەکانی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، هێرشەکەی 16ـی نیسان بۆ سەر شەقامێکی مەغازی کە منداڵان یاری تۆپی پێیان دەکرد و 10 کەسیان کوژران، کە تەمەنیان لە نێوان 4 بۆ 15 ساڵیدا بوو و 5 پیاویش کوژران.

بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، لە ڕەفەح، بۆمبێکی فڕۆکە لە 19 نیسان ماڵی ئەبو ڕەزوان کە فەرمانبەرێکی خانەنشین بوو کردە ئامانج و نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت، کە 6 منداڵی تێدابوو.

لە 20ـی نیسان، ماڵی خێزانی عەبدول عال لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح بۆردومان کرا، کە بووە هۆی کوژرانی 20 کەس، کە 16 منداڵ و چوار ئافرەتی تێدابوو، لەگەڵ برینداربوونی دوو کەسی دیکە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت: "دەبێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ بکات" لەسەر ئەو سێ هێرشە.