تۆمەتبارێکی دیکە لەسەر دزینی سندووقی پارەی خێرخوازیی دەستگیر کرا

پۆلیسی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، تۆمەتبارێکی دیکەی دزینی سندووقە خێرخوازییەکەی دوێنێ دەستگیر کرا.

پۆلیسی پارێزگاری هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێدا هاتووە، تۆمەتبارێکی دیکەی دوێنێی سندووقە خێرخوازییەکە بە ناوی (ف. ا. س) لەلایەن هێزەکان بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیر کرا، کە لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی (ھ. ن. ک) لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری هەولێر سندووقێکی پارەی خێرخوازییان دزیبوو.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تۆمەتبارانی ئاماژە پێ کراو، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، بۆیە  ئێستە هەردووکیان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (444) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراون و ڕادەستی دادگا دەکرێن.

ڕۆژی یەکشەممە، 26-5-2024، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاوی کردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری هەولێر تۆمەتبارێک سندووقێکی پارە کە بە مەبەستی خێرخوازیی دانرابوو، دزیویەتی، دوای ئەم ڕووداوه به زووترين كات تیمەکانی ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی ورد، توانییان شوێنی تۆمەتباری سەرەکی بەناوی (ھ. ن. ک) دیاری بکەن و دەستبەجێ دەستگیری بکەن.