سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا

سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق؛ گەیشتە بەغدا.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی ئایاری 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق؛ گەیشتە بەغدا.

لە کۆبوونەوەکاندا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت، هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی دووشەممە، 27-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕایگەیاند، هەوڵیان داوە كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكانی نێوانیان چارەسەر ببن، "بۆ ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانمان دابین بكرێن و زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین". 

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، "من بەردەوام لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدام و شاندەكانی دانوستانكاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی كۆسپەكان و لەم بڕوایە داین، كە دەتوانین پێكەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان، سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتیان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەكار بێنین و پێگەی ئابووریی عێراق و هەرێم لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە".