دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ کاندیدانی سەرۆکایەتی ئێران کرایەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30 ئایاری 2024، تۆمارکردن بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکرد و تا 3ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای کۆچی دوایی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی تۆمارکردنی کاندیدەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی چواردەهەمی سەرۆکایەتی لە ئێران، بە ناو تۆمارکردن دەست پێدەکەین، کە پینج ڕۆژ دەخایەنێت، دیاریکردنی کاندیدە شایستەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگاریکردن لە دەستوور دیاری دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار وەک هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کەشێکی تەواو پارێزراو و تەندروستدا بەڕێوەدەچێت، بە کێبڕکێکردنی نێوان کاندیدەکان و بەشداریکردنی دەنگدەران.

گوتیشی: "سەرەڕای زیانە گەورەکە و کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار، ئێمە بە ئاسانی ئەم قەیرانەمان تێپەڕاند و هیچ پشێوییەک لە کاروباری وڵاتدا ڕووینەدا".

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.

Fly Erbil Advertisment