سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە

کۆبوونەوەی سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق
کۆبوونەوەی سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق

سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە، "بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە". ڕاشیدەگەیەنێت، "هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە".

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.

سەرەتا، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبووەوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دوو پۆستی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەعرەجی ئاشکرا کردووە.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە: "له‌گه‌ڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق هاوڕابووین کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوورییە و بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت باشترین پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی ئاماژەی پێ کردووە: "دووپاتم کردەوە لە ڕووی ئەمنییەوە، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە و هیوادارین ئەم هەماهەنگییە باشە لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە".

 

 

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخى عێراق به‌ گشتى و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرودوولا هاوڕابوون له‌ سەر پێویستیی به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆى بنياتنه‌رانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".

مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بەغدام

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان "دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون". وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی "پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆی".