یونسێف: منداڵانی ناوچەی دەریاچەی چاد رووبەڕووی كارەساتی مرۆیی بوونەتەوە

لە ماوەی تەنیا حەوت مانگدا 38 حاڵەتی كردەوەی خۆكوژی تۆمار كراون كە منداڵان ئەنجامیان داون

رێكخراوی یونسێف رایگەیاند، بە ھۆی وشكەساڵی و چالاكییە چەكدارییەكانی گرووپی بۆكۆحەرام، كە لە باكووری رۆژھەڵاتی نێجیریا ئەنجامیان دەدا، نزیكەی نیو ملیۆن منداڵ لە دەریاچەی چاد، بەدەست نەخۆشی و بەدخۆراكییەوە دەناڵێنن. 

لەم رووەوە رێكخراوەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكات، كە 475 ھەزار منداڵ لە ویلایەتی بۆرنۆ، مۆڵگەی سەرەكیی بۆكۆحەرام، لەبەردەم مەترسی دان و مردن ھەڕەشە لە 49 ھەزار منداڵی دیكە دەكات. 

بەپێی داواكارییەكەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رێكخراوەكە پێویستی بە بڕی 308 ملیۆن دۆلارە بۆ دەربازكردنی ئەو قەیرانە، كەچی نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی كە تا ئێستا تەنیا 41 ملیۆن دۆلار، واتە 13% پێداویستییەكانی بەدەست گەیشتووە بۆ ھاوكاریكردنی زیانلێكەوتووان لە ھەر چوار وڵاتی دەوروبەری دەریاچەی چاد (چاد، نێجیریا، نەیجەر و كامیڕۆن).

سەرەتای ساڵی 2015 بۆكۆحەرام، كە رێكخراوێكی توندڕۆی ئیسلامییە،  دەستی بەسەر رووبەرێكی فراوانی ئەو ناوچەیەدا گرت، بەڵام دوای چالاكیی سەربازی ھاوبەشی ئەم چوار وڵاتە، رێكخراوی ناوبراو لە ناوچەكە وەدەر نرا، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا نزیكەی 2,2 ملیۆن كەس لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی بۆكۆحەرامدا ماون، یان لە ترسی ئەو رێكخراوە لە خیوەتگاكاندان و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.

دوای ئازادكردنی رووبەرێكی زۆری ناوچەكە، بەرپرسانی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی ھەڵسان بە ھەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی قەبارەی ئەو كارەساتە مرۆییەی بۆكۆحەرام لە ناوچەكەدا لە دوای خۆی بەجێیھێشت.  ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لەو كاتەی بۆكۆحەرام ساڵی 2009 دەستی بە یاخیبوونەكەی كرد، نزیكەی 15 ھەزار كەسی لەو ناوچەیەدا كوشتووە، شارۆچكە و گوندەكان خاپوور كراون، سێ بەشی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان بە تەواوی، یان نیوە وێران كراون، دانیشتووانەكانی لە خزمەتگوزارییە سەرەتایی و سەرەكییەكان بێبەش بوون، تەواوی پڕۆژەكانی ئاوی پاكی خواردنەوە پێویستییان بە نۆژەن كردنەوە.    

ھەر پەیوەست بەو ئامارانە، بەراورد بە ساڵی 2014 كە 4 حاڵەت و ساڵی 2015 كە 44 حاڵەت بوون، تەنیا لە حەوت مانگی رابردووی ئەمساڵدا، رێكخراوی یونسێف 38 حاڵەتی كردەوەی خۆكوژی تۆمار كردووە كە منداڵان ئەنجامیان داون.