کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و خەمیس خەنجەر کۆتایی هات

کۆبووەنەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە
کۆبووەنەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لەبەغدا له‌گه‌ڵ خەمیس خەنجەر سەرۆکی حزبی سیادە کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

هاوکات جەخت لە سەر چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کوردستان و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان و هاووڵاتییانی عێراق کرایەوە.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕایگەیاند، بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کۆبێتەوە، لەگەڵ هەر یەک لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسایب ئەهلی حەقی عێراقی، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی (نبني- بنیاتنان)، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق کۆبووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووە: "دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت".

'
f
o
1