سیروان محەممەد: پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان بۆ سەرژمێریی گشتیی لە مانگی تەمموز بەڕێوەدەچێت

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی سەرژمێریی ئەزموونی، لە مانگی تەمموز پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان وەک ئامادەکارییەک بۆ سەرژمێریی گشتیی لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەڕێوەدەچێت.

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرنگی سەرژمێری ئەمجارە بۆ هەرێمی کوردستان لەوەدایە، کە یەکەم جارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری خۆیەوە، سەرژمێرییەک دەکات کە خۆی خاوەنێتی و ئەمەش گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی قۆناغی سەرژمێری ئەزموونی گرنگە بۆ ئەوەی بزانرێت لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی، کەموکوڕییەکان چین و چۆن هەنگاوەکانی سەرژمێری لەلایەن تیمەکانەوە بەڕێوەدەچن.

سیروان محەممەد گوتیشی، ئێستا نزیکەی 400 کەس لە هەرێمی کوردستان بەشدارن لە پرۆسەی سەرژمێری ئەزموونی و قۆناغی دووەمیش دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتوو، کە بریتییە لە کاری گەمارۆسازی و ژمارەدانانە، کە هەموو کۆڵان و باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێ بوون، دەگرێتەوە کە ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت کە ئەمەش پرۆسەیەکی گرنگە بۆ ئامادەکاری ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.

لەبارەی نەبوونی پرسیاری نەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێری، سیروان محەممەد ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی پرسیاری نەتەوە پرۆسەکە لە ساڵی 2010 شکستی هێنا ئەمەش دوای ئەوەی ناڕەزایەتی هەندێک لایەنی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن عەرەب و تورکمان لە کەرکووک، لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیاری ئایین ماوەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێری.

لەبارەی نەبوونی پرسیاری نەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێری، سیروان محەممەد ڕایگەیاند، هیچ کاریگەری لەسەر جێبەجێکردن یان ڕەتکردنەوەی ماددەی 140 نابێت، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لە دەستووری عێراقدا، پرۆسەکەی ڕوونکراوەتەوە کە سەرەتا ئاساییکردنەوەی ناوچەکانە، دواتر سەرژمێری دانیشتووان دێت، پێش ئەوەی ڕاپرسی بکرێت.

هەروەها سیروان محەممەد باسی لەوەشکرد، لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتوون لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەر تیمێک لە سێ بژمێر کە کورد، عەرەب و تورکمان پێکبێت و لەو ناوچانەشی کە دانیشتووانی کریستیانی تێدا هەیە، دەبێت بۆ تیمەکان، بژمێرێکی کریستیانیش زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی دوای پرۆسەکە هیچ پێکهاتەیەک گلەیی لە پرۆسەکە نەبێت.

لە 26ـی ئەم مانگەوە، پرۆسەی سەرژمێریی ئەزموونی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای بیانیی تایبه‌تمه‌ند به‌ سه‌رژمێریی له‌ پرۆسه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن.

وەزارەتی پلانانی عێراق 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیارکردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.

پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی ماوەی 15 ڕۆژ دەخایەنێت و 120 هەزار بژمێر لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە بەشداری دەکەن.

Fly Erbil Advertisment