ترەمپ: شەڕی ئێران بەمزووانە کۆتایی دێت
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، شەڕ لەگەڵ ئێران بەمزووانە و "بە شێوەیەک لە شێوەکان" کۆتایی دێت، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە نابێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەبێت گەرەنتیی تەواو لەو بارەیەوە بەدەستبهێنرێت.
ترەمپ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی پەیوەست بە ئێران لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی پێدێت و روونیکردەوە کە بە کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە، نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا دادەبەزێت.
دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ترەمپ جەختی کردەوە "ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت و بۆی نییە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە کۆتاییشدا ئەم شەڕە بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی پێدێت."
راشیگەیاند کە ئەوان دەیانەوێت گەرەنتیی تەواو و مسۆگەر بەدەستبهێنن ، ئێران بۆ هەمیشە و بە هیچ جۆرێک نەتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
هەروەها پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، تاران نامەیەکی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران دەدرێن، بەڵام لایەنی ئێرانی تا ئێستا وەڵامی فەرمیی خۆی لەسەر نامەکە نەداوەتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردبووەوە، کە جەی دی ڤانس، بە راسپاردە و فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی ئاراستەی موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە، بە مەبەستی سەر لە نوێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانوستان و پێشگرتن لە ئەنجامدانی هێرش و لێدانی سەربازیی نوێ لە لایەن واشنتنەوە.
بە پێی رۆژنامەکە، پەیامی نامەکە و پەیوەندییە بەردەوامەکانی دواتری نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات، زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر داڕشتنی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ دانوستان، لە جیاتی چوونە نێو وردەکاریی بڕگە دیاریکراوەکانی رێککەوتنی ئاشتی.