ئاهەنگ ئەنوەر: ئەو سەرژمێرییەی دەکرێت بۆ کەرکووك مەترسیدارە

K24 – هەولێر:
پارێزەرێک پێی وایە، ئەو سەرژمێرییەی کە لە عێراق دەکرێت بە تایبەت بۆ ناوچە جێناکۆکەکان مەترسیدارە، هاوکات گەشبین نییە بە ئەنجامدانی.
ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزەر، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: پرسی سەرژمێریی پرسێکی گرنگە و پێویستە سەرکردایەتی کورد زۆر بە گرنگییەوە لەو پرسە بڕوانێت، سەرژمێریی دەبوو 10 ساڵ جارێک لە عێراق بکرابووایە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە ناهەموارەی عێراق تا ئێستا دواخراوە.
ئەو پارێزەرە دەڵێت: ئەو سەرژمێرییەی کە دەکرێت بە تایبەت بۆ کەرکووك و ناوچە جێناکۆکەکان گرفتێکی گەورەیە و مەترسیدارە، هەروەها ئێستا سەرژمێریی ئەزموونی دەستی پێ کردووە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوە دا، ئەم پرسە بۆ کوردی کەرکووک ئەگەر لەسەر بنەمای کارتی نیشتەجێبوون و فۆڕمی خۆراک بێت مەترسیدارە، چونکە عەرەبێکی زۆر هێنراوەتە شارەکە کە خەڵکی خوار و ناوەڕاستی عێراقن، کەرکووک بە سێ قۆناغ تەعریب کراوە.
ئاهەنگ ئەنوەر، گوتی: سەرژمێریی لە کەرکووک ئەگەر بکرێتە چەکێکی مەترسیدار بەرانبەر بە کورد بەکاربهێندرێت، ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردەکان لە پرۆسەی دەنگدان و پرسی دامەزراندنیش شکست دەهێنن.
لە 26ـی ئەم مانگەوە، پرۆسەی سەرژمێریی ئەزموونی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارهیهك كۆمپانیای بیانیی تایبهتمهند به سهرژمێریی له پرۆسهكهدا بهشدار دهبن.
وەزارەتی پلانانی عێراق 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیارکردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی ماوەی 15 ڕۆژ دەخایەنێت و 120 هەزار بژمێر لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە بەشداری دەکەن.