عەلی لاریجانی و شەش کەسی دیکە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران کاندید کردووە
K24 – هەولێر:
دوو ڕۆژە دەرگای تۆمارکردن بۆ خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆککۆماری ئێران کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا حەوت کەس خۆیان کاندیدکردووە، لەدوای وادەی خۆتۆمارکردن کە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، وادەکە درێژ ناکرێتەوە و لە ماوەی حەوت ڕۆژدا شیاوبوونی کاندیدان پەسەند دەکرێت.
ڕۆژی هەینی (31ـی ئایاری 2024) موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران ڕایگەیاند: هەریەک لە عەلی لاریجانی، سەعید جەلیلی، مستەفا کەواکبیان، محەممەد ڕەزا سەباغیان، قودرەت عەلی حیشمەتیان، عەباس موقتەدایی، مەحموود ئەحمەدی بیغەش خۆیان کاندید کردووە.
عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران یەکێکە لە کاندیدەکان و لەکاتی خۆتۆمارکردنیدا گووتی: ئێران لە بارودوخێکی سەختدایە و خەڵک چاوەڕوانی ئەوەن حکوومەت ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و ئاشکرای کرد: چارەسەری پرسی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی لەکاری لەپێشینەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەبێت.
گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو هاووڵاتییانەی ئێران کە لە دەرەوەی وڵاتن و مەرجی خۆکاندیدکردنیان تێدایە، دەتوانن لە ڕێگەی نوێنەر یان پارێزەرەکەیانەوە خۆیان کاندید بکەن.
بەگوێرەی ئەو کاتەی دیاریکراوە، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی تۆمارکردنی کاندیدان، لە ماوەی حەوت ڕۆژدا لێکۆڵینەوە لەبارەی پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی کاندیدەکان دەکرێت. هەروەها 14 ڕۆژ دوای پەسەندکردنی کاندیدەکانیش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دیاریکراوە و 28ی حوزەیرانیش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
لەلایەن خۆیەوە، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ڕایگەیاندووە: ئەو کەسانەی شیاوبوونیان ڕەتدەکرێتەوە، هیچ دەرفەتێکیان بۆ تانە لێدان نییە.
لە کاتێکدا، بەگوێرەی ماددەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی ئێران، مەرجە سەرەکییەکانی کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بریتین لە: بەڕەچەڵەک ئێرانی بێت، کەسایەتی مەزهەبی یان سیاسی بێت، باوەڕی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی هەبێت، توانای بەڕێوەبردنی هەبێت، لانی کەم ئەزموونی چوار ساڵ بەرپرسیاریەتی لە دامودەزگاکانی ئێراندا هەبێت، پێشینەی تاوانی نەبێت، لانی کەم بڕوانامەی ماستەری هەبێت، تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 75 ساڵدا بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، محەممەد تەقی شاهچراغی، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕایگەیاندووە: ماوەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان درێژناکرێتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕهئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.
ڕۆژی پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی تۆمارکردنی کاندیدەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی چواردەهەمی سەرۆکایەتی لە ئێران، بە تۆمارکردنی ناوی کاندیدان دەست پێدەکەین، کە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، دیاریکردنی کاندیدە شایستەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگاریکردن لە دەستوور دیاری دەکرێن.