بۆ یەکەمجار کوردستان24 دەچێتە ژوورە تایبەتەکەی ستالین

مۆزەخانەی گەراژ لە رووسیا
مۆزەخانەی گەراژ لە رووسیا

K24 – مۆسکۆ:

گەراژ نوێترین مۆزەخانەی رووسیایە و لە مانگی یەکی 2021 کراوەتەوە، کەلوپەل و پێداویستییەکانی سەرۆک و کاربەدەستان، لەسەردەمی قەیسەرەوە تا ئەمڕۆ تێیدا پارێزراوە.

مۆزەخانەی گەراژ لە پارکی ڤدنخا لە شاری مۆسکۆ، نوێترین مۆزەخانەی رووسیایە و لە مانگی یەکی 2021 وە کراوەتەوە، کەلوپەل و پێداویستییەکانی سەرۆک و کاربەدەستانی وڵاتەکەی، لەسەردەمی قەیسەرەوە تاوەکوو ئێستا تێدا پارێزراوە، ئێستاش کۆمەڵێک بەڵگە و دۆکیومێنت بۆ یەکەمجارە لە مۆزەخانەکەدا نمایش دەکرێن.

نیکیتا تۆمیلین، کۆکەرەوەی بەرهەمی ئەرشیفکراو، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دووەمجارە کەلوپەل و دۆکیومێنت پێشکەش بە مۆزەخانەی گەراژ دەکەم، چونکە تاکە شوێنە بۆ پاراستنی تەواوی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرۆسەی پاراستنەوە لە سەردەمی سۆڤێت و ڕووسیادا بە گشتی.

ئاماژەی بەوە دا، پێمخۆش بوو ئەو وێنە و ئەرشیفانەی دانسقەن و من کۆمکردوونەتەوە لێرە لەبەرچاو بن تا لاوان بیبینن و ببنە بابەتی لێکۆڵینەوە، تا بزانرێت کە چۆن ئاسایشی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵات دەستەبەر دەکرێت، چۆن هاووڵاتییان دەپارێزرێن، چۆن لەسەر سنوور و لەناوخۆی وڵات ئاسایش بەرقەرار دەکرێت.

بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکانی قەیسەر و سەرۆکەکانی یەکێتی سۆڤێیەت لە مۆزەخانەکە نمایشکراون، دەگوترێت ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لێیەتی لە لایەن رۆزڤێلتی سەرۆکی ئەمەریکاوە بە دیاری بە ستالین دراوە، بەڵام بەرپرسی رێبەرانی مۆزەخانەکە گێڕانەوەیەکی دیکەی هەیە.

لەلایەک دیکەوە یەکەترینا تۆکارێڤا، بەرپرسی رێبەرانی مۆزەخانە، دەڵێت: ئێرە شوێنی حەوانەوەی ستالینە لە دەووروبەری مۆسکۆ بەناوی ڤاڵین، لەماوەی جەنگ و پاش جەنگی دووەمی جیهانیش بەردەوام لێرە ماوەتەوە، هەر لێرە ساڵی 1953 کۆچی دوایی کردووە. بێگومان شوێنەکە خۆی داخراوە بە ڕووی هاووڵاتییاندا، بەڵام ئێمە کەلوپەلەکانیمان لەوێووە هێناوە و لێرە نیشانی سەردانکارانی دەدەین.

گوتیشی: رووداوێکی مێژوویی سەرنج راکێش هەیە لێرە، ساڵی 1949 سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین دێتە یەکێتی سۆڤێیەت و دوو مانگ دەمێنێتەوە، بۆ یەکەمجار ناوبراو لە شوێنی حەوانەوەی ستالین دەمێنێتەوە، ئەوە تاکە جار بووە کە میوانێک لێرە بمێنێتەوە و ستالین ماڵی خۆی بۆ دەستەبەر بکات.

Fly Erbil Advertisment