كەجەكە: توركیا بە رێككەوتن لەگەڵ داعش ھاتووەتە ناو جەرابلوس

K24 - ھەولێر

لە راگەیاندراوێكدا هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ جەرابلوس راگەیاند و دەڵێ: "داعش دوای رێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا جەرابلوسی رادەستی توركیا كردووە".

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "پاش ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە منبیج دەرکران، دەستبەجێ پیلانی دەرکردنی چەتەکانی داعش لە جەرابلوس و دامەزراندنی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هاتە ئاراوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، داعشیان لە جەرابلوس دەرنەکرد، بەڵکو بە پێی ڕێککەوتن داعش لە جەرابلوس پاشەکشەی کرد و بە شوێن ئەودا دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هاتنە ناو جەرابلوسەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی نەک داعش بەڵکو هێزەکانی سوریای دیموکراتیە".

کەجەکە باسی لەوەشكردووە: "دەوڵەتی تورکیا سەرەتا لە دیلۆک کۆمەڵکوژیەکی ئەنجامدا تا ئەو کۆمەڵکوژییە بکات بە بەهانەیەک بۆ داگیرکردنی جەرابلوس، ئەوە شەرمێکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانەی چاویان لە سەر ئەم سیاسەتە داگیرکەرانەیە داخستووە، بۆ داگیرکردنی جەرابلوس 60 کەس لە خەڵکی مەدەنی بوونە قوربانی کە زۆربەیان منداڵ بوون، ئەمە تاوانێکی گەورەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەی كەجەكە ھاتووە: "ئەو هێرشە دژ بە پڕۆژەی دیموکراتبوونەوەی سووریایە، هێرش دژ بە خوڵقاندنی سووریایەکی دیموکراتیە، کە گەلی کورد لەگەڵ گەلی عەرەب و ئاسووری و سوریانی، تورکمان، چەرکەز، ئەرمەنی.هەوڵدەدەن پێکی بێنن، بۆیە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە ئامانجی ئەوان نەک داعش، بەڵکو هێزەکانی سووریای دیموکراتی و ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیە، کە یەپەگە و هەموو هێزەکانی گەل لەناو ئەواندا جێدەگرن".

کەجەکە ئەوەشی راگەیاندووە: "پێویستە گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانی دیکە دژ بەم مەبەستانەی دەوڵەتی تورکیا یەکبگرن، پیویستە گەلی کورد ئەم هێرشە نەک تەنها بۆ سەر رۆژئاوا، بەڵکو بۆ سەر هەموو گەلی کورد لە بەرچاو بگرێت و لە بەر ئەوەش بەهێزتر لە پێشوو یەک بگرێت، گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان بەرانبەر بە هێرش بۆ سەر کۆبانێ یەکیان گرت و بەیەکەوە تێکۆشانیان کرد، ئێستاش دەبێت هەر بەو چەشنە یەک بگرین و دژ بەم کردەوانەی دەوڵەتی ئاکەپە هەوڵبدەین، پێویستە ئێستاش بە رۆحی بەرخۆدانی رۆژی 1ی تەشرینی دووەم، رۆژی جیهانی کۆبانێ، و بەرخۆدانی کۆبانی لە 6 و 7 و 8ی تەشرینی یەکەم راپەڕین و بەرانبەر بەم هێرشانە، شۆڕشی رۆژئاوا بپارێزن و بۆ دیموکراتی بوونی سووریا هەوڵبدەین".