رۆژگار جەعفەر: 100 کۆمپانیا بەشداریی گواستنەوەی حاجیانی کوردستان دەکەن

مەککە
مەککە

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجیانی کوردستان بۆ شاری مەککە و بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ئاشکرای دەکات، 100 کۆمپانیا بەشداریی گواستنەوەی حاجییانی کوردستان لەڕێگەی ئاسمانیی و وشکانیی بۆ مەککە دەکەن.

رۆژی شەممە (1ـی حوزەیرانی 2024)ورۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجیانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی کوردستان فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، سێ هەزار و 53 حاجی لەڕێگەی فڕۆکە تاکو چواری حوزەیران گەشتەکەیان بۆ شاری مەککە بەردەوام دەبێت، لەڕێگەی وشکانیش هەزار و 632 هاووڵاتی کوردستان بە پاس بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچنە سعودییە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجیانی کوردستان ئاشکرای کرد، 100 کۆمپانیای حەج و عومرە لە پرۆسەی گەیاندنی هاووڵاتیانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بە شاری مەککە بەشدارن.

رۆژگار جەعفەر ئاشکرای دەکات، 72 پاس هاووڵاتیانی کوردستان دەگوازنەوە سعودیە، هەر هەر دوو پاسێک حەملەدارێک سەرپەرشتییان دەکات، هەر پاسێکیش 42 هاووڵاتیی دەگوازێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژگار جەعفەر، لەهەولێر 432 حاجی، لەدهۆک و زاخۆ 384 حاجی، لە سلێمانی 432، لە سۆران 120 حاجی، ڕاپەڕین 142،گەرمیان 26،هەڵەبجە 48 حاجی، دەچنە مەککە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ.

رۆژگار جەعفەر ڕایگەیاند، حاجیانی وشکانی پێنج ملیۆن و 300 هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە،

حاجیانی بە فڕۆکەش گەشتەکە دەکەن، شەش ملیۆن و 350 هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە.