دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق: دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەکانی تێپەڕاندووە

لە عێراق دادگای تێهەڵچوونەوە دژی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی دەوەستێتەوە.
دادگای تێهەڵچوونەوە پێی وایە دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەكانی تێپەڕاندووە و جەختیش دەكاتەوە، ئەوان دەستەی باڵای دادوەرین و چاودێریی بەسەر تەواوی دادگاكانەوە دەكەن.
دادگای تێهەڵچوونەوە نوسراوێکی پێنج لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە، بۆ یەکەمجار دژی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی دەوەستێتەوە و دەڵێت، ئەوە کاری تۆ نییە، لەو ڕاپۆرتەیدا دادگای تێهەڵچوونەوە هەوڵی ڕێكسختنی دەسەڵاتەكانی دادگا فیدراڵی داوە، قسەی لەبارەی ئەحكامی ناكۆكی لەسەر كردووە لەماوەی ڕابردوودا كە ئەمەش جێی سەرنجە بەوپێیەی دادگای فیدراڵی بڕیارەكانی بە یەكلاكەرەوە و كۆتایی ناودەبات.
ململانێی ئەم دوو دادگایە لەسەر دۆسییەی خانەنشینی دادوەرێك سەری ھەڵداوە و دادگای تێهەڵچوونەوە دەڵێت، ئەو دەستەی دادوەری باڵایە و چاودێرە بەسەر سەرجەم دادگاكانەوە بە دادگای باڵای فیدراڵیشەوە.
پێش ماوەیەک عەلی بنیان گحیت، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی شرگات لە دادگای باڵای فیدراڵی داوایەک دژی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تۆماردەكات، گوایە رێگری لە خانەنشین بوونی دەكات، دادگای باڵای فیدراڵیش لە بەرژەوەندی ئەو دادوەرە بڕیار دەدات و دەڵێت، ئەو دادوەرە مافی خۆیەتی خانەنشین ببێت، ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی كاردانەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەی لێدەكەوێتەوە و ئێستا ئەم دادگایە پێنج لاپەڕەی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو دادوەرە بۆی نییە خانەنشین بێت، چونکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، بە دادگای باڵای فیدراڵیشی وتووە، نابێ بهێڵین دەسەڵاتەکان تێکەڵ ببن.
یەکەمجارە لە عێراقدا شتی وا ڕووبدات، چونکە ئەوەی زانراوە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی حوکمی کۆتایی وەردەگرن، بۆیە شارەزایان بەریەككەوتنی نێوان دادگای تێهەڵچوونەوە و دادگای فیدراڵی بە مەترسی دەزانن بۆ سەر داھاتووی سیستەمی سیاسی عێراق.