لاشەی ورچێکی بۆر لە کوێستانەکانی پیرانشار دۆزرایەوە

ژینگەپارێزی پیرانشار لێکۆڵینەوە لە هۆی مرداربوونی ورچەکە دەکات

بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزی پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێکۆڵینەوە لە هۆی مرداربوونی ورچێکی بۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکە دەکات و پەیامێکیش ئاراستەی گەشتیاران دەکات.

تەها ئیزان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەپارێزی پیرانشار ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024 ڕاگەیاند، لاشەی ئەو ورچە بۆرە لە نێو بەفری کوێستانەکانی شارەکەدا لەلایەن گەشتیارانەوە دۆزراوەتەوە و دیمەنەکەشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پۆلیسی ژینگەپارێزی لەسەر بنەمای دیمەنە بڵاوبووەوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی شوێنی مرداربوونی ورچەکە و دواتریش هۆکارەکانی مرداربوونەکەی دەکەن.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەپارێزی پیرانشار ئاماژەی داوە، بە گوێرەی ئەوەی لە دیمەنە تۆمارکراوەکان دەرکەوتووە، ئەگەر هەیە ورچەکە بەهۆی ڕەنووی بەفرەوە مردار بووبێتەوە و ئێستا بە توانەوەی بەفر لاشەکەی دەرکەوتووە.

هەروەها پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران کردووە لە کاتی چوونە کوێستانەکان سروشتی ناوچەکە لەبەرچاو بگرن و نەبنە هۆی ترس و تۆقاندن و ڕاوەدونانی ئاژەڵە کێوییەکان، بە تایبەت ورچی بۆر و بزنی کێوی، بەو پێیە کوێستانەکانی پیرانشار بە جوگرافیای تایبەتی بە ورچی بۆر و بزنە کێوییەکان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستنیشان کراوە.

Fly Erbil Advertisment