لە فێستیڤاڵی شانۆیی ئوردن شانۆگەرییەکی کوردی دوو خەڵاتی بەدەست هێنا

مۆنۆدرامای "سەلمە" بەشداریی لە فێستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتی لە ئوردن کرد و توانی دوو خەڵات بباتەوە کە بریتی بوون لە خەڵاتی باشترین نمایش و باشترین ئەکتەری کچ.
نەژاد نەجم، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی توانیمان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی قرتاج لە تونس، خەڵاتی باشترین دەستەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکە ببەینەوە، خۆشبەختانە ئەمجارە لە فێستیڤاڵی ئوردن توانیمان دوو خەڵات ببەینەوە و پیرۆزبایی لە تەواوی دەستەی نمایشەکەمان دەکەم.
نەژاد گوتیشی: مۆنۆدراماکە لە 15 وڵاتی جیهاندا نمایش کراوە، کارێکی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەرەنسایە و ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش باس لە کارەساتی هەڵەبجە و جینۆساید و کارەساتی ئەنفال و کۆچی بە کۆمەڵی کورد دەکات، بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی کارمان لەسەر کردووە.
شانۆگەری "سەلمە" بەرهەمی گرووپی شانۆی هەوارە، لە نووسینی دڵشاد موستەفایە و دەرهێنانی نەژاد نەجمە.