پەیامنێری کوردستان24: کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 دەستیپێکرد

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)

K24 – بەغدا:

پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 لە کۆبوونەوەدایە و پەیامنێری کوردستان24ـیش ڕایگەیاند: 199 پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەکە بەشدارن.

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: بە ئامادبوونی 199 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 دەستیپێکرد.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، نووسینگه‌ی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگەیاند: لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی خشته‌كانی (أ/ب/ج/د/هـ/و) له‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی ژماره‌ (13)ـی ساڵی 2024ـی هه‌مواركراو، كۆ بووه‌وه‌.

پێشتریش نەرمین مەعروف، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناکۆکی ناو لێژنەی دارایی ئەوەیە ئایا خشتەکانی بودجەی 2024 وەک خۆی پەسەند بکرێت، یاخود دەسەڵات بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بدرێت بۆ زیادکردنی دوو تریلیۆن دینار بۆ پشکی پارێزگاکان.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە کە گرنگترین بڕگەی ئەو پشکە، تەرخانکردنی پارەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بە مووچەی خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە، کە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 11 تریلیۆن و نیو دینارە، کە مانگانە 965 ملیار دینار دەکات و ئەمەش دەستەبەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەپێی لیستەکانی ئێستا.

هاوکات نەرمین مەعروف گوتیشی: لێژنەی داریی ڕاپۆرتی خۆی ئامادەکردووە و بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرۆکی لێژنەکە و ناڕازیبوونین واژۆی نەکردووە بەڵام خستنەڕووی ئەو ڕاپۆرتە لە دانیشتنی پەرلەمان، لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتییە.

نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ بودجەی 2024 ئەوەی هاتووە بۆ پەرلەمانی عێراق و دەنگی لەسەر دەدرێت، تەنیا خشتەی ژمارەی خەرجییەکانە و هیچ دەقێکی تێدا نییە، ئەوەی پێشتر لە یاسای بودجەدا هاتووە و ساڵی ڕابردوو پەسەندکراوە، گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق حەوتەم کۆبوونەوەی لەبارەی خشتەکانی بودجەی 2024 ئەنجامدا بە ئامانجی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکە بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024) لە دانیشتنێکی نائاساییدا خشتەکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 پەسەندکرد و بڕیاریدا ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بە مەبەستی دەنگدان و پەسەندکردن.

پێشتریش لە (15ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوە چوو.