دوا کاروانی حاجیانی کوردستان بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون

بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 09:00 دوا کاروانی حاجیانی کوردستان لە ڕێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەرێ بکەون.
سێشەممەی ئەمڕۆ، 4ـی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دوا کاروانی حاجیانی کوردستان لەڕێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەرێ بکەون.
لای خۆیەوە کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستە 4340 حاجی کوردستان گەیشتوونەتە خاکی سعوودیە و ئەمڕۆش دوا کاروانی حاجیان بەرێ دەکەوێت کە ژمارەیان 345 حاجییە.
ئەوەش خرایەڕوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە و بە گرنگییەوە چاودێری پرۆسەی حەج دەکات و هەموو هەوڵێک دەدرێت کە بەشێوەیەکی باش خزمەتی حاجیان بکرێت.
گوتەبێژی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد، ڕەوشی تەندروستی حاجیان زۆر باشە و هەموویان سەلامەتن و ڕۆژانە تیمی تەندروستی کە ژمارەیان 21 پزیشک و کارمەندی تەندروستییە چاودێری تەندروستی حاجیان دەکەن و تاوەکوو ئێستە هیچ حاجییەکی کوردستان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سعوودیە نەکراوە و هەموویان سەلامەتن.
دوێنێ دووشەممە، 3ـی حوزایرانی 2024، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری پرۆسەی حەجی ئەمساڵ شێخ نیاز راغب نەقشبەندی گەیشتە وڵاتی سعوودیە.
چوونی بەرێوەبەری گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا کە ئێستە زۆربەی حاجیانی کوردستان بەرەو سعوودیە بەڕێ کراون.