سەمیرە کارزان گۆرانی "خودا نەکا"ی بڵاوکردەوە

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ سەمیرە کارزان، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "خودا نەکا" لە چەناڵی یوتیوب بڵاوکردەوە.
خانمە گۆرانیبێژ سەمیرە کارزان، دەربارەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەو بەرهەمە نوێیەم لەلایەن کیان خوسرەوەیەوە کاری موزیکی بۆ کراوە، تێکستی گۆرانییەکە لە نوسینی محەممەد شوعیە و لەلایەن ناسر حەیدەرییەوە کاری دەرهێنان بۆ کلیپەکەم کراوە.
سەمیرە کارزان گوتیشی: دەمێکە کار لەسەر ئەو بەرهەمە نوێیەم دەکەم و دەمەوێ بەرهەمەکانیشم بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوبکەمەوە، گۆرانی "خودا نەکا" پێشکەش بەهەموو هەوادارە ئازیزەکانم دەکەم و هیوادارم بەدڵیان بێت.
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ سەمیرە کارزان، لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و ماوەیەکە دەستی بەکاری هونەری کردووە و خاوەنی چەند بەرهەمێکە.