ئالان حەمەسەعید: کوردستان24 لەسەر ئاستی نیشتمانی خاوەن ئیتیکی میدیاییە
بەبۆنەی یانزەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کوردستان24، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی دەزگاکە کرد و پیرۆزبایی ئەم یادەی کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیری پەروەردە لە پەیامەکەیدا کوردستان24ـی بە میدیایەکی متمانەپێکراو و خاوەن بەرپرسیارێتی وەسفکرد کە پەیامەکانی بە شێوازێکی هێمنانە دەگەیەنێت. ئالان حەمە سەعید گوتی: "وەک خوێنەر و بینەرێک، تەنیا تەلەفزیۆنەکە نابینم، بەڵکو بەدواداچوون بۆ سەرجەم پلاتفۆرمەکانی دیکەی کوردستان24 دەکەم".
بە گوتەی وەزیری پەروەردە، کوردستان24 لەسەر چەند بنەمایەک هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، لەوانەش متمانەبوونی میدیاکە بۆ گەیاندنی هەواڵی دروست. هەروەها میدیاکە پابەندبوونی بەرزی بەرامبەر بە پرسە نیشتمانییەکان و ئەو بابەتانە هەیە کە لە چوارچێوەی گشتیی کوردستان و هەرێمی کوردستاندا دەجوڵێنەوە.
ئالان حەمە سەعید روونیکردەوە، کوردستان24 بەدوای زۆریی بینەردا ناگەڕێت، بەڵکو جەخت لەسەر کوالیتی و ئاستی بەرزی پەیامەکان و خەمخۆری بۆ ئیتیکی میدیایی دەکاتەوە. ئەوەشی وەک کارێکی گرنگ ناوزەدکرد کە لە دەزگاکەدا هەستی پێدەکات.
وەزیری پەروەردە لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: "سەرەڕای بوونی میدیای زۆر لە کوردستان، هەمیشە وەک گوێگر و بینەر و خوێنەرێک بۆ شاشە و پلاتفۆرمەکان و رادیۆی کوردستان24 دەگەڕێم بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینم". ئالان حەمە سەعید جەختیشی کردەوە کە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستیی هەواڵەکان، کوردستان24 سەرچاوەی سەرەکیی ئەوە بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە یان نا.
دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، 11 ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و بە زمانی کوردی و پێنج زمانی زیندووی جیهانی، بووە سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان.
لە پێنانە نێو دوازدەهەمین ساڵی کارکردنیدا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ دەکاتەوە؛ لەوانە پێشخستنی ڕاستیی هەواڵ بەسەر خێراییدا، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان لەبری ورووژاندن، بەخشینی ئومێد و پاراستنی ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، لەگەڵ مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بۆ رێگری لە چەواشەکاری. هاوکات لەسەر ئەم بنەمایانە، هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنجدا دەنێت بێ سازشکردن لەسەر بەها نیشتمانی و پیشەییەکان.