ڕێککەوتننامەی کردنەوەی بەشی دیبلۆماسی لە نێوان زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهان لە ئەمریکا ئیمزا کرا
زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهان لە واشنتن، ڕێککەوتنێکیان بۆ کردنەوەی بەشی دیبلۆماسی لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک، ئیمزا کرد.
ڕۆژی سێ شەممە (4ـی حوزەیرانی 2024)، دکتۆر داوود ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک لە ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهانی گوتارێکی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕوانگە و دیدگەی پرۆگرامی دیبلۆماسی ئەوەیە قوتابیانی کوردستان ببنە بەشێک لە سیستەمی پەروەردەی ئەمەریکا، ئەو گوتی، ئەو پرۆگرامە تاقیکردنەوەیەکی جیاواز دەبێت بۆ ئەوەی قوتابییانی کورد فەرهەنگی جیاواز ببینن و لە نزیکەوە لە دیبلۆماسییەوە وانەی نوێ فێر بن. گوتیشی، ئەم نزیکبوونەوەیە نەوەک تەنها لەڕووی پیشەیی و ئەکادیمییەوە قوتابییان پێش دەخات، بەڵکو زانیاریی زیاتر و توانایان پێ دەدات بۆ ئەوەی سوودیان بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت.
دکتۆر داوود ئەتروشی گوتی، دامەزراندنی ئەو پرۆگرامە لە کاتێکدا ئیمزای لەسەر دەکرێت کە جیهان بەرەنگاریی چەندین ئالنگاریی سەخت بووەتەوە و پێویستی بە هەوڵی دیبلۆماسیی گرنگ هەیە، بۆ ئەوەی لەو قەیرانانەدا باشتر بەیەکەوە کار بکەین لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
سەرۆکی زانکۆی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، لەڕێگەی ئەو پرۆگرامەوە ئامانجیانە توانای زیاتر بە قوتابیان بدەن لەڕووی فەرهەنگی و زانیاریی ستراتیجیی بەهێزتر بن. هاوکات پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت، ئەوەش بنەمایەکی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان و دیبلۆماسیەتی کورد کە سەلماندوویانە خۆڕاگرن.
دکتۆر داوود ئەتروشی بۆ کوردستان24 گوتی، ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆ زانکۆی دهۆک گرنگە و دیبلۆم بۆ ساڵێک لەبواری دیبلۆماسیی دەکەینەوە، دوای تەواوکردنی خوێندن بڕوانامەی هاوبەشی زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهانی لە واشنتنیان پێدەبەخشرێت، گوتی، قوتابیان لە ماوەی بەشی دووەمی خوێندنیان، دەچنە ئەمەریکا و لەوێ ئاشنای کاری دامەزراوەکانی حکوومەتی و ناحکوومەتی ئەمەریکا دەبن.
لەبارەی میتۆدی پرۆگرامی دیبلۆمەکە، داود ئەتروشی گوتی، میتۆدی هاوبەشمان داناوە، بابەتەکان دیاریکراوە و مامۆستای هەردوولا وانە دەڵێنەوە، مامۆستاکانی ئەوان دێنە دهۆک.
سەرۆکی زانکۆی دهۆک گوتی، ئەو پرۆگرامە تایبەتە بە کۆلیجی زانستی ڕامیاریی زانکۆی دهۆک و دەتوانین وەکو قۆناغی یەکەم تاوەکو 25 قوتانی وەربگرین کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کوردستان .